کونسڵی کویت، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد

کونسڵی کویت، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد

سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 2022.7.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە د.عومەر کیندەرى، کونسڵی گشتیی وڵاتى کویت لەهەولێر کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، کونسڵى کویت ئاماژەی بەوەدا، مەبەست لەسەردانەکەی ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بەکارەکانی وەکو کونسڵی وڵاتەکەى لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت، (د.عومەر کیندەرى) سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێرشی کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە لەماوەی ساڵانى کارکردنى پێشکەشیان کراوە. هەروەها ڕایگەیاند: "گەلى کورد بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى جێگەى تایبەتى هەیە لەدڵمدا"
لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، دواى ھەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی لەماوەی رابردوودا لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى کویت، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێزیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لەکارى داهاتووى، تەواوى کاروچالاکیانى کونسڵخانەش بەتایبەتى کارە مرۆیى و خێرخوازییەکانیان لەهەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێر پایتەخت بەتایبەتى بەرزنرخاند و جەختى لەوەکردەوە کە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان خۆشەویستى تایبەتیان هەیە بۆ گەلى کویت. ئومێدیشى خواست لەداهاتوودا لەگەڵ کونسڵى نوێ وڵاتەکەیان هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیمان هەبێت لەپێناو تۆکمەترکردنى ئه‌و دۆستایەتیە و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى کویت.
لەکۆتایشدا لەبەرامبەر کار و خزمەتەکردنی لەهەرێمی کوردستان و هەولێرى پایتەخت، پارێزگاری وەک ڕێزلێنان و یادەوەرى قەلغانى ئیدارەی پارێزگای هەولێری پێشکەش بە بەڕێزیانکرد.