لەژێرچاودێری پارێزگاری هەولێر، دوو پڕۆژەی گرنگی کارەبا لەسنووری ناحییەی قوشتەپە کرایەوە

لەژێرچاودێری پارێزگاری هەولێر، دوو پڕۆژەی گرنگی کارەبا لەسنووری ناحییەی قوشتەپە کرایەوە

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2022.7.25، لەژێرچاودێری و بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەڕێورەسمێکدا، فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا بەدرێژایی 7کیلۆمەتر لەناحیەی قوشتەپە و دانانی گۆڕەرێک لەکەمپی کاوە کە بەگوژمەی یەک ملیار دینار جێبەجێکراوە کرایەوە.
لەڕێورەسمەکەدا کەهەریەک لە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و قائیمقامی قەزایی دەشتی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر و بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە و بەڕێوەبەری وڵامدانەوەی قەيرانەكان له وەزارةتى ناوخۆ و بەڕێوەری ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا، وێڕای دەست خۆشی لەئەندازیاران و سەرپەرشتیانی پڕۆژەکان، سوپاسی ڕێکخراوی (UNHCR)ی کرد کە بەهەماهەنگی ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەم دوو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەیان ئەنجامداوە.
پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا لەناحیەی قوشتەپە و دانانی گۆڕەری کەمپی کاوە، بەدڵنیاییەوە خزمەتێکی زۆر بەدانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەکات و ئەو بارزۆرییەی لەسەر کارەبای ئەو شوێنانە هەبووە کەم دەکاتەوە، ئەوەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێویستە هاوڵاتییانیش هاوکارمانبن بۆ دەستپێوەگرتنی کارەبا".
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەشکردەوە کە ئاو و کارەبا دوو خزمەتگوزاری گرنگن و ئەرکی ئێمەیە لەحکومەت دابینیان بکەین، بەڵام بەدەسپێوەگرتنی لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەبێتە بەشیکی گرنگ لەکەمکردنەوەی ئەو بارقورسیەی دەکەوێتە سەر حومەت.
جێگەی باسە فیدەری نوێی وێستگەی کارەبای گردمەلا بەدرێژایی 7کیلۆمەتر لەناحیەی قوشتەپە و دانانی گۆڕەری کەمپی کاوە، لەلایەن ڕێکخراوی (UNHCR) بەهەماهەنگی ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی جێبەجێکراوە.