بەسەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەپرسى زێدەڕۆیی ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەپرسى زێدەڕۆیی ئەنجامدرا

رۆژی سێشەممە 2022.7.26، بەسەرپەرشتى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و بەرێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و یاریدەدەرى پارێزگار و بەرپرسانى یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، هاتووچۆ) و لیژنەى زێدەڕۆییەکان، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکە تایبەت بەپرسى زێدەڕۆییەکان لە سەر داواکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم ئەنجامدرا.
لەسەرتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى ناوخۆ دووپاتى کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە لەسەرداواى وەزارەتى ناوخۆیە و تایبەتە بەو زێدەڕۆییانەى کە ئەنجامدەدرێت، هەست دەکرێت زیدەڕۆییەکان ڕوو لەهەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەى نیگەرانى رێزدار سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان. پاشان وەزیرى ناوخۆ پۆلێنکردنى جۆرەکانى زێدەڕۆیی بەمشێوەیە دیاریکرد:-
1- زێدەڕۆیی لەسەر موحەرەماتى شەقام، بەتایبەتى ڕێگاکانى دەرەوەى شار کە قوربانى زۆرى لێکەوتۆتەوە.
2- زێدەڕۆیى لەسەر بۆڕى نەوت، بەتایبەتى لەناو ئەو مەزرەعانەى کە دەکەونە سەر ڕێگەى ئەو بۆڕیانە.
3- زێدەڕۆیی لە سەر ڕێڕەوى ئاو کە بۆتە هۆى دروستبوونى کارەسات.
لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: "نابێت بەرپرسانى ئیداریى خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە ڕاستەقینە بەدووربگرن، سەرجەم دام و دەزگاکانى حکومەت بەرپرسن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەى لەسنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت". هەروەها جەختى لەوەشکردەوە کە پێویستە لەزووترین کات چارەسەرى ئەم کێشانە دیاری بکرێت، ئالییەتی چارەسەرییەکانیش بەمشێوەیە:-
1- لیژنەیەک لە هێزەکانى (ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیس) پێکبهێنرێت، هەر زێدەڕۆییەک لەسەر بۆڕى نەوت کرابێ کە شادەمارى ئابوورى هەرێمى کوردستانە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە و ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێت.
2- هەمان لیژنە بەیاوەرى پۆلیسى هاتووچۆ، چارەسەرى هەموو ئەو زێدەڕۆییانە بکات کە کراوەتە سەر شەقامى دەوڵەت، کە موڵکی گشتییە. بەتایبەتى ئەوانەى لە شەقامە سەرەکییەکان ئەنجامدراوە.
3- پێویستە لەپارێزگاى هەولێر تیمێکى تایبەت پێکبهێنرێت، بەهەماهەنگى لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەکان، هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى بدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیداوە بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.
4- زیدەڕۆیی لەسەر ڕێرەوى سەرەکى و فەرعیەکانى ئاو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراونییە و بەهەموو شێوەیەک پێویستە چارەسەربکرێت، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروست بوونى لافا و نانەوەى کارەسات.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پاڵپشتى وتەکانى وەزیرى ناوخۆ و کۆکبوونى لەگەڵ خاڵەکان. هاوکات ڕوونیکردەوە، زۆرجار کێشە و گیروگرفت و ئاستەنگى چاوەروان نەکراو دێنە پێش، بە جۆرێک دەبنە ڕێگر لەبەردەم چارەسەرییەکان، بۆیە پێویستە زەمینە خۆشکردن و بەردەستخستنى کەرەستەى مادى و مەعنەوى فەرهام بکرێ، تاکو دەستکراوەبین لەبەردەم رێگریکردن لەهەموو جۆرە زێدەڕۆییەک.
لەکۆتایشدا لەلایەن ئامادەبووانەوە سەرنج و تێبینى و ئالیەتى چارەسەرکردنى گونجاو خرایەڕوو، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان، کە لەبەرژەوەندى گشتیى هاوڵاتیانە و باڵادەستى یاسایى لێ ڕەنگ دەداتەوە.