تەواوبوونی پرۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك گەڕەكی میللی و بەهێزكردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێیی شاری هەولێر ڕاگەێندرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2/8/2022 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئاژانسی جایكا لە عێراق، بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو…..ڕێوڕەسمی تەواوبوونی پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە پێشكەشكردنی كورتەڤیدیۆیەك سەبارەت بە وردەكاری و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەستیپێكرد و پاشان ( ئومێد خۆشناو )پارێزگاری هەولێر، وتارێکی پێشکەشکردو وێرای ستایشکردنی پرۆژەکە رایگەیاند: "دوو پاکێجەکەی ئاژانسی جایکا بۆ شاری هەولێر بریتیبوون لە پەرەپێدان و گەیاندنی ئاو و فراوانکردنی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە شەش هەزار مەتر سێجاوە بۆ 10 هەزار مەتر سێجا و بەهێزکردنی تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە شاری هەولێر بە درێژایی 130 کیلۆمەتر و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی دابەشکردنی ئاوی هەولێر و دابینکردنی پارچەی یەدەگ بۆ ئیفراز سێ بە گوژمەی 500 هەزار دۆلار و هەروەها نۆژەنکردنەوەی تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە هەولێر بە درێژایی 19 کیلۆمەتر بە گوژمەی شەش ملیۆن و 630 هەزار دۆلار" جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کەوا ئاژانسی جایکا دوو پڕۆژەی دیکەی بۆ شاری هەولێر لەبەر دەستە؛ یەک لە پرۆژەکان هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێرە کە بە سەرپەرشتی و هاوئاهەنگی وەزارەتی شارەوانی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ریسایکلینکردنی پاشەڕۆی هەولێر کە ئەوەیان پڕۆژەیەکی تەواو ستراتیژییە بۆ هەولێر و دەبێتە هۆکاری بەفیڕۆ نەچوونی ئاو….
هەروەها لە بەشێكی وتارەكەیدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەێندرا؛ ئەو بەشەی پرۆژەكە لە ڕۆژی 26/11/2020 گرێبەستەكەی لەگەڵ ئاژانسی جایكا و لایەنە پەیوەندیدارەكان واژوو كرا، سەرەڕای بارودۆخە ناخۆشەكان، بەڵام كارەكانی بەرەوپێشچوون و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو كرا كە ئەو پاكێجە پێكهاتووە لە بەهێزكردن و گۆڕینی تۆڕەكانی ئاو لەناو بازنەی 30 مەتری و گەڕەكە میللییەكانی ناو شاری هەولێر، هەروەها بەهێزكردنی توانای وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی پرۆژەی ئیفراز سێ كە كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبووە لەسەر بەرهەمێنانی ئاو.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك و قەیرانێك، بەڵام بە بڕواوە لە خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان و جێبەجێكردنی خاڵەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت،
لەلایەن خۆیەوە جین یونیدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە عێراق گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی ستافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی جایکا و پەیوەستە بە هاوکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن".
جین یونیدا گوتی: "هەولێر پێویستی بە ژێرخانی باش و بەهێزە وەک پایتەختێکی مۆدێرن و جوان. جایکا پڕۆژەی دیکەشی هەیە لە هەولێر جێبەجێی بکات".
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە عێراق: "راستە ئەم رێوڕەسمە بۆ کۆتاییهاتنی دوو پڕۆژەی گرنگە لە هەولێر، بەڵام ئەوە دوا پڕۆژەی ئێمە نییە و ئەو هاوکارییانە زیاتر بۆ تێکەڵاوی کولتووری و فێربوونمانە لەیەکەوە. هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو پەیوەندی و هاوکارییەی نێوانمان فەرامۆش نەکەن".
شایەنی باسە، پرۆژەكە بریتییە لە دوو بەش لە پاكێجی سێیەمی گرێبەستی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كە لە چوارچێوەی هاوكاریی گەشەپێدانی فەرمی ڕێككەوتننامەی قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ كرا. بەشی یەكەمی پێكهاتووە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لەناو بازنەی شەقامی 30 مەتری و گەڕەكەكانی منارە و تەیراوە، زانیاری و سەیداوە كە نزیكەی 220 هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن، هەروەها بەشی دووەمیشی دابینكردنی كەرەستەی یەدەگە بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر.