به‌گوژمه‌ى (792 ملیۆن و 272 هەزار دینار)، بەردی بناغەی دروستكردنى پڕۆژه‌ى دوو پرد لەشارى هەولێر دانرا

به‌گوژمه‌ى (792 ملیۆن و 272 هەزار دینار)، بەردی بناغەی دروستكردنى پڕۆژه‌ى دوو پرد لەشارى هەولێر دانرا


لەچوارچێوەی گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 2022.8.8، لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا بەگوژمەى (792 ملیۆن و 272 هەزار دینار)، بەردى بناغەى دروستکردنى پڕۆژەى دروستکردنى دوو پرد لەنزیک مزگەوتى بیلال خەیلانى و نزیک شارى زیلان لەشارى هەولێر دانرا، کە لەلایەن کۆمپانیاى ئارام جێبەجێدەکرێ و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ش (120) ڕۆژه‌.

لەڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەسعود، کاڕەش، جێگرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرى شارەوانى چوار و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لەبارەى دروستکردنى هەردوو پردەکە ڕایگەیاند: "دروستکردنى ئەم دوو پردە جگه‌ له‌وه‌ى کاریگەرى دەبێت لەسەر کەمکردنەوەى لافا، ئاسانکاریش دەبێت بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان، هیوادارین بەگوێرەى ئەو پلانەى کە دارێژراوە هەردوو پڕۆژە لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکارەوە لەماوەى دیاریکراوى خۆیدا بەکۆتا بێت".

پارێزگارى هەولێر هەروەها ووتى: "ئەمساڵ بۆپێشگرتن لەدووبارە ڕوونەدانەوەى لافاو چەندین ڕێکار و پڕۆژە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر دەستپێدەکرێت، کە لەم چەند ڕۆژەى داهاتوودا لەڕێگەى پیرمام و نزیک لەو شارانەى کە لەساڵى ڕابردوودا لافاویان تێیدا ڕوویدا، هەروەها لە بنەسڵاوە، ئەوە جگە لەوەى چەند شوێنێکى تر چەند بەرنامەیەکى دیکەمان هەیەکە لەمنزیکانە دەستیان پێدەکرێت لەوانە کردنەوەى سەرەمەنهۆڵەکان لەناو شارى هەولێر، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو پڕۆژانەش ئامانج لێى کردنەوەى ڕێرەوەکان و پێشگرتنە لەدووبارە ڕوونەدانەوەى لافاو".