به‌ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم، سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان (Invest Expo 2022 ) کرایەوە

به‌ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم، سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان (Invest Expo 2022 ) کرایەوە


ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئابى 2022، بەئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان (Invest Expo 2022 ) کرایەوە.

سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی پێشانگەکەی کردەوە و بەشەکانی بەسەرکردەوە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە وەبەرهێنان لە خانووبەرە، بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان وماستەرپلانی شارەکان بێت و بە پلان و لەبەرچاوگرتنی مەرج و پێوەرە زانستیی و تەندروستیی وسەلامەتی و ژینگەییەکان بێت، نەک تەنیا ئامانج قازانجکردنی چەند کەسێکی دیاریکراو بێت لە سەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە شارو ناوچەکانی عێراق و دەرەوە، ڕوو لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن و لێی نیشتەجێ بن. لە ساڵانی ڕابردووش گرنگی زۆر بە کەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام هەند‌ێک لە پڕۆژەکان بێ کەموکورتی نەبوونە. گوتیشی لەو کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا، دەبێت مەرجەکانی حکومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.