ئومێد خۆشناو: به‌گوژمه‌ى (288) ملیۆن یۆرۆ ئاوى زێرابى هەولێر ریسایکلینى دەکرێتەوە

ئومێد خۆشناو: به‌گوژمه‌ى (288) ملیۆن یۆرۆ ئاوى زێرابى هەولێر ریسایکلینى دەکرێتەوە


ئەمڕۆ یەکشەممە 2022.8.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە سوزوکى کوتارو، باڵیۆزى ژاپۆن لەعێراق و شاندى یاوەرى کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق وێڕاى خۆشحاڵى بەسەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان و شارى هەولێر، سەرسامى خۆى بە بەرقەراربوونى ئارامى و ئاسایش و ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەى هەولێرى پایتەخت بەخۆیەوە بینیوە نیشاندا و ڕایگەیاند: "یەکەمینجارە لەهەرێمى کوردستان سەردانى بەڕێزتان دەکەم وەک سەرۆکى یەکەیەکى ئیدارى گەورە، ئەوەش مایەى خۆشحاڵیە، هەروەها پەیامى ئێمە لەم سەردانەماندا زیاتر ئەوەیە سوپاسى جەنابتان بکەین وەکو پارێزگارى هەولێر کەهەمیشە پاڵپشت و هاوکارى کونسڵگەرى ولاتەکەمان و کۆمپانیاکانمان بوونە".

لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێنانى باڵیۆزى ژاپۆن و شاندى یاوەرى، هیواى سەرکەوتنى لەبەرنامەى سەردانەکەى بۆ خواست و گوتى: "ئەو هەماهەنگى و هاوکارییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ژاپۆن هەیە مایەى خۆشحاڵیە، ولاتى ژاپۆن ئەستیرەیەکى دیارە لەنێو وڵاتانى جیهان و دەخوازین زیاتر پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بدرێت".

دواتر پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە پڕۆژەکانى (جایکا) لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، تیشکى خستەسەر ئەوەى کە لەماوەى مانگى ڕابردوودا لەگەڵ کونسڵى ژاپۆن لەهەولێر بەهەماهەنگى (جایکا) لەبوارى خزمەتگوزاریدا چەندین پڕۆژە ئەنجامدراوە، ئێستاش دوو پڕۆژەى دیکەى خزمەتگوزارى هەن کەوێڕاى پاڵپشتیکردن، هەرچى ئاسانکارى هەیە پێشکەشى دەکەین تاوەکو پڕۆژەکان بەسەرکەوتووى ئەنجامبدرێت، هەروەها پارێزگارى هەولێر دووپاتى کردەوە بەشێوەیەکى گشتیى هەنگاوەکانى وڵاتى ژاپۆن لەهەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بەرز دەنرخێنین و لەم ڕووەشەوە سوپاسى کونسڵى وڵاتى ژاپۆن لەهەولێر دەکەین کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکارمان بووە".

پاشان پارێزگارى هەولێر، جەختى لەپڕۆژەى ریسایکلینى زبڵ و خاشاک و ئاوى زێرابى هەولێر کردەوە کە لەلایەن (جایکا) به‌گوژمه‌ى (288) ملیۆن یۆرۆ لەهەولێر پایتەخت ئەنجامدەدرێت، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى گەورە و ستراتیژییە و بەتەواوبوونى جگە لە خزمەتگەیاندن بەهاوڵاتییانى شارى هەولێر، پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ولاتى ژاپۆن بەهێزتر دەکات.

لەکۆتایدا هەردولا جەختیان لە پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوانیان کردەوە.