لەهەولێر، بەگوژمەى زیاتر لە (11 ملیار دینار) چەند پڕۆژەیەک بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و کەمکردنەوەى زیانەکانى جێبەجێدەکرێت
پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشهممە 2022.8.22، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەدیوانى پارێزگا، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەگرتنەبەرى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان ئەم ساڵ و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو لەشارى هەولێر و کەمکردنەوەى زیانەکانى و دووبارە نەبوونەوە و دەستنیشانکردنى ڕێگاچارەییەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانی پارێزگار و بهڕێوهبهری گشتیی ئاو و ئاوهڕۆكانی ههرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى چاککردنەوە و پاراستنى ڕێگاوبانى هەولێر و بەرێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و سەرۆکی شارەوانی و بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرى ئاودێرى و بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى و بەڕێوەبەرى ئاو ئاوەڕۆکانى هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، جگە لەوەى جەختی لەسەر ئەو بەرنامە و پلان و رێوشوێنانە کردەوە کە پێویستە بگیرێتە بەر، ڕایگەیاند، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسروربارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، زیاتر لە (11 ملیار دینار) تەرخانکراوە بۆ ئەنجامدانى چەند پڕۆژەیەک بەمەبەستى گرتنەبەرى ڕێو شوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لەشارى هەولێر و چارەسەرکردنى هەموو ئەوکێشانەى کەبوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاو.
لەبەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسییەکانى لافاو، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد ئامادەکارى وردبکەن بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو شوێنانەى کە دەبنە هۆکارى کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونى لافاو، لەوبارەیەشەوە بڕیاریدا لەزووترین کاتدا دەست بکرێت بە هەڵمەتى پاککردنەوەى سەرجەم مەنهۆڵ و ئاوەرۆکان و رێرەوەکانی ئاوى قورس و کەند و ئاوى سروشتى باران، ئەوە جگە لە لادانى زێدەڕۆیی و وەرگرتنى ئیجرائاتى پێویست دەرهەق بە هەموو ئەوانەشى کە دهستدرێژی و زێدەڕۆییان كردۆتە سهر رێڕهوی ئاو.