سێ پڕۆژەى گەورە لە 8ى حەسارۆک جێبەجێ کراوه‌

سێ پڕۆژەى گەورە لە 8ى حەسارۆک جێبەجێ کراوه‌


دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەفەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانی خاوەن زەوی کەرتى8ى حەسارۆکان چیتر لە چاوەڕوانیدا نامێننەوە، و بڕیاری گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم گەڕەکە دەرچووە و ئەمساڵ لە کەرتی 8ی حەسارۆک سێ پڕۆژەى گەورە جێبەجیکراون.

گەڕەکی 8ی حەسارۆک لە پێنج هەزار دۆنم پێک هاتووە کە ئەمەش ڕووبەرێکی فراوانە، شەقامەکانی ئەم گەڕەکە (12، 15، 30، 40 و 60 مەتری)ن و تێکڕای هەموویان بە شەقامە سەرەکی و شەقامەکانی نێو گەڕەکەکە نزیکەی 210 کیلۆمەترە.

ئەمساڵ لەو گەڕەکە سێ پڕۆژەى گەورە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە بەمشێوەیەى خوارەوە:

یەکەم/ خۆڵکاریی شەقامەکانی 40 مەترى و 60 مەتری، کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی و لەسەر داهاتی 15٪ی سەرۆکایەتی شارەوانی جێبەجێ کراوە.

دووەم/ جیاکردنەوەی سەرە بلۆکەکان و پڕۆفایل و دیزاینکردنی گشت سێکتەرەکانی کەرتەکە، کە شەقامە سەرەکی و ناوخۆییەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا دەگرێتەوە، ئەو پڕۆژەیەش بە شێوەی بەڵێندەرایەتی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جێبەجێ کراوە و ئێستا خاوەن زەوییەکانى 8ى حەسارۆکان دەتوانن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتى شارەوانی 4 ڕێگەپێدان وەربگرن و دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن.

سێیەم/ گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ و شەقام بۆ کەرتى8ى حه‌سارۆكان بە شێوەی قۆناغ. پێشتریش چوار بیری ئاو لە 8ی حەسارۆکان لێدراوە بۆ چارەسەرى ئاو. ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 37 ملیار دینار بۆ پڕۆژەى سێیەم داوە.

دوای سەردانی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کەرتی 8ی حەسارۆک، لە ماوەی ساڵێک، توانرا سێ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە ماوەی 18 ساڵ بوو خەڵکی چاوەڕێیان دەکرد بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ سێ پڕۆژەی گرنگ لەم گەڕەکە کەوتە بواری جێبەجێکردن کە دوو پڕۆژەیان تەواو بوونە و ئەوەی سێیەمیشیان لەکۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت.