پارێزگارى هەولێر: "لەمڕۆوە هەر بەنزینخانەیەک دەستکارى كوالیتی بهنزین بکات و بەنزینى خراپ بفرۆشێ، بەنزینخانەکەى بۆ ماوەیەکى زۆر دادەخەین"
نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە 2022.8.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکارەکانى لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکان و چۆنیەتى دابەشکردنى بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دینارى نۆرماڵ، کە ئێستا لە بەنزینخانەکانى شارى هەولێر بە کوالێتییەکی باش دەست دەکەوێت، سەردانى یەکێک لە بەنزینخانەکانى شارى هەولێرى کرد.
پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى بەنزینخانەکە و لەنزیکەوە گفتۆگۆکردنى لەگەڵ بەشێک لە شۆفێران لەبارەى چۆنیەتى جۆرى بەنزینەکە و ڕازیبوونى ئەوان لە خەسڵەت و کوالێتیی بەنزینەکە، ڕایگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر توانیومانە تاڕادەیەکى زۆر باش کۆنتڕۆڵى کوالێتى بەنزین بکەین، لە 17ى ئەم مانگەوەش لەڕێگەى پاڵاوگەى لاناز ڕۆژانە 900 هەزار لیتر بەنزین لەو پاڵەوگەیەوە وەردەگیرێت و بەسەر بەنزینخانەکان دابەشدەکرێت، کە بۆ هەرلیترێک بەنزین حکومەتى هەرێمى کوردستان وەکو پاڵپشتى هاوڵاتیان 280 دینار دەدات، و لەبەرامبەرادا هاوڵاتییان بە 800 دینار بەنزینەکە وەردەگرن، ئەوەجگە لەوەى ڕۆژانە (324 هەزار لیتر)ى دیکەى بەنزینى 690 دیناریش هەیە کە لەپاڵاوگەى کار وەردەگیرێت، بۆ پاڵپشتیکردنى کەرتى گشتى کە تایبەتە بە تەکسى و پاس".
پارێزگارى هەولێر دڵنیای دایە هاوڵاتیان و ڕاگەیاند: "ماوەیەکە دەستمان بە ئیجرائات وەرگرتن کردووە لەگەڵ ئەو بەنزینخانەى کە دەستکاری كوالیتی بهنزین دەکەن و بەنزین خراپ دەفرۆشن بەهاووڵاتیان، لەسەرەتاى مانگى شەشى ئەمساڵ تاوەکو ناوەڕاستى ئەو مانگە، نزیکە (265) بەنزینخانە سزادراون، بەڵام لە ئەمڕۆوە ئیجرائاتەکانمان توندردەبن و ھەوڵەکانمان چڕتردەکەینەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین، هەر بەنزینخانەیەک کە زیاتر لەجارێک سەرپێچی بکات و پابەند نەبێت بە ڕێنمایەکان و دەستکاریکردنى كوالیتی بهنزین بکات و بەنزینى خراپ بەهاوڵاتیان بفرۆشێ، یەکەم/ بەنزینى 800 دینارى پێنادرێت، دووەم/ جگە لەو ئیجرائاتانەى کەپێشوتر لەگەڵیان کراوە بەنزینخانەکەشیان بۆ ماوەیەکى زۆر دادەخرێت".