بەگوژمەى (266 ملیۆن دینار) دەستکرا بە قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى دروستکردن و قیرتاوکردنى چەند شەقامێک لەگەرەکی رۆشنبیری
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2022.8.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی پێنج و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران، بەمەبەستى لەنزیکهوه ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و قیرتاوکردنى چەند شەقامێکى لەگەڕەکی رۆشنبیری بەسەرکردەوە، کە لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، وەک قۆناغى یەکەم بەگوژمەى (266 ملیۆن دینار) ڕاستەوخۆ لەلایەن کارگەی قیری چاککردن و پاراستنی رێگاو بانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، وێڕاى دەستخۆشی لە ئەندازیاران و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، دڵنیایی بە دانیشتوانى ئەم گەڕەکەدا، ئەم پڕۆژەیە تەنها ئەم قۆناغە نییە، بەڵکو چەند قۆناغێکى تریش لەخۆ دەگرێت و ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین تاکو سەرجەم کۆڵانەکانى ئەم گەڕەکە دروست دەکرێن و قیڕتاو دەکرێت".
گوتیشى: "جگە لە گەڕەکى ڕۆشنبیری، لەئێستادا لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و لەسەرداهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، پڕۆژەى دیکەى دروستکردنى شەقام و قیڕتاوکردن و کارکردن لە چەندین گەڕەک و شوێنی ترى شارى هەولێر دەستیپێکردووە، لەوانە گەڕەکى سێبەردان، گەڕەکى هەولێری نوێ، هاوکات لەم نزیکانەش خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە گەڕەکی سیمی خاتووناوە".
جێگهى باسه، لە ماوەی ڕابردوودا لە گەڕەکی رۆشنبیری، چەندین کۆڵانی دیکە دروستکراون و قیڕتاوکراون، لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و لەسەرداهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێریش، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم گەڕەکە و گەڕەکەکانى ترى شارى هەولێر بەردەوامە.