بەگوژمەی (344 ملیۆن دینار) شەقامە ناوخۆییەکانی پارکی هەوار قیڕتاوکرا
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2022.8.30، بەمەبەستى لەنزیکەوە بەڕێوەچوونى کارەکان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى جوان فەتحوڵڵا، قائیمقامى قەزایی دەشتى هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکانى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى بنەسڵاوە و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆکانی پاڕکی هەواری بەسەرکردەووە، کە بەگوژمەى (344 ملیۆن دینار) لەسەر داهاتى 15% سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت.
دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ئەندازیار و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، ڕایگەیاند: "پارکى هەوار یەکێکە لەشوێنە جوانەکانى هەولێر و لەپرسى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایش لەشارەکەمان شوێنیکى ستراتیژییە و کاریگەرییەکى زۆرى هەیە، پارکى هەوار یەکێکە لەو شوێنانەى کە خزمەتێکى زۆر بەهاوڵاتییان دەگەێنێت و بەتەواوبوونى قیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆیەکانیشى هاوڵاتییان دەتوانن سودى زیاترى لێوەربگرن، لەداهاتووشدا خزمەتگوزاری ترى وەک زیادکردنی ڕوناکی و شوێنى یارى منداڵان و کۆمەڵێک پێویستى دیکە کە خزمەت بە هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناوچەیە بکات، دەگەێنین بەو پارکەکە".
جێگەى باسە، پڕۆژەى قیڕتاوکردنى شەقامەناوخۆییەکانى پارکى هەوار کە دەکەوێتە سەر جووت سایدى بنەسڵاوە، زیاتر لە 20 شەقامى ناوخۆییە بەدرێژى 24 هەزار مەتر دووجا و بەگوژمەى (344 ملیۆن دینار) لەسەر داهاتى 15% سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت.