پارێزگاری هەولێر بۆ شاندی باڵای پۆلەندا: پێویستە هەماهەنگی کەلتووری و زانستی و وەرزشی بەر لە پەیوەندی ئابووری و بزنسەوە بێت…

پارێزگاری هەولێر بۆ شاندی باڵای پۆلەندا: پێویستە هەماهەنگی کەلتووری و زانستی و وەرزشی بەر لە پەیوەندی ئابووری و بزنسەوە بێت…

سەرلەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە رێکەوتی 4-9-2022 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی
دکتور عەلی رشید/ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر
دکتۆر ئیدریس هەرکی/ سەرۆکی زانکۆی پۆلەتیکی هەولێرو فەرهەنگ غفور/ بەرێوەبەری گشتی هونەرو رۆشنبیری، پێشوازیان لە شاندێکی باڵای وڵاتی پۆڵەندا کرد، کە بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شاری پۆلسک ( ئەندچی نۆڤاکوڤسکی) و ئەندامیەتی و سەرۆکی زانکۆی پۆلسک و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى پۆلسک، بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە) لە شاری پۆلسک سەردانی پارێزگای هەولێریان کردبوو….
پارێزگاری هەولێر لەو کۆبوونەوە فەرمیەدا، وێرای دووبارە بەخێرهێنانی شاندەکە، بە تێرو تەسەلی پەنجەی خستە ئەو برگانەی کە دەکرێ هەردوو لا کۆك بن لەسەری و رێکەوتنی لەسەر واژۆ بکەن، هاوکات بەلایەوە پەسەند بوو کەوا دەستپێکی پەیوەندییەکان بوارەکانی کەڵچەرو زانست و وەرزش لە خۆ بگرێ و دواتر هەنگاوی کردەیی بۆ بوارەکانی ئابووری و بزنس بهاوێژرێ…

سەرۆکی شاندەکە خۆشحاڵی خۆی بەو کرانەوەیە نیشاندا کە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بە تایبەتی بەخۆیەوەی بینیوەو خواستی خۆشیانی نیشاندا بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەسەر هەموو ئاستەکان …
سەرۆکی شاندەکە داوەتنامەی فەرمی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر کرد بۆ سەردانیکردنی شارەکەیان تاوەکو قۆناغی پەیوەندییەکان بازدانی خێرا بەخۆیەوە ببینێ و لە داهاتوویەکی نزیکدا شاری هەولێرو پۆڵسك کار بکەن بۆ ئەوەی ببنە دەستە خۆشك لە هەموو ئاستەکان…
شاندی پۆلەندی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، تێیدا سەردانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بڕیارە لەمیانەی سەردانەکەشیان چەندین گرێبەست و پەیوەندی هەمەلایەن، پەیوەند بە گەشەپێدانی توانای گەنجان، دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ زانکۆکان، و ئاڵوگۆری چالاکی هونەری و رۆشنبیریی،بنیات بنێن….
شایەنی باسە ئەم شاندە لە رێگای دامەزراوەیی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کلتووری و گەشەپێدانی مرۆیی، بە ئاگاداری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوە…