پارێزگارى هەولێر بۆ سەرۆک و ئەندامانى پێشووى ژوورى بازرگانى: "شوێن پەنجەتان لە بوژانەوەى ئابوورى شارەکەمان دیارە، ئەوەش شانازییەکى گەورەی مێژووییە بۆ ئێوە"
پارێزگارى هەولێر بۆ سەرۆک و ئەندامانى پێشووى ژوورى بازرگانى:
"شوێن پەنجەتان لە بوژانەوەى ئابوورى شارەکەمان دیارە، ئەوەش شانازییەکى گەورەی مێژووییە بۆ ئێوە"
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.11.28، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى سەرۆکى لیژنەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى پێشووى ئەنجومەنى کارگێڕى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەناوى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگاى هەولێر لە بەرامبەر بەجێگەیاندنى ئەرک و کارەکانیان لە ماوەى ڕابردوودا دەستخۆشى لە سەرۆک و یەکەیەکەى ئەندامانى دەستەی کارگێڕی ژوورەى ناوبراو کرد، کە توانیانە مێژوویەکى پڕ شانازى بۆ خۆیان بەدەستبهێنن و گوتى: " لە دواین کۆبوونەوەماندا بە تەقدیرەوە لە کارەکانتان دەڕوانین، دروستکردنى پەیوەندییە بازرگانى و پیشەسازییەکانتان لەگەڵ ژوورى بازرگانى وڵاتان و بازرگانان بەرزدەنرخێنین و هیواى سەرکەوتنان بۆ داخوازین".
لە بارەى پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانیانیش پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "شوێن پەنجەتان لە بوژانەوەى ئابوورى شارەکەمان دیارە، ئەوەش شانازییەکى گەورەی مێژووییە بۆ ئێوە، دەخوازین هەروەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵتان هەبووە، لەداهاتووشدا بەهەمانشێوە بەردەوام بن، هەریەکێک لە ئێوە بەشێکن لە پارێزگاریکردن لەو سەرمایە گوزارى و پەرەسەندنە ئابووریانەى لە شارەکەمان هاتۆتە ئاراوە، بۆیە خواستى ئێمە بەردەوام بوونتانە لەسەر هەمان ڕێچکە و درێژەدان بەوکارانە، کە هەر ئەوەشتان لێ چاوەڕوان دەکەین".
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، سوپاسى سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى سەرپەرشتیارى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى کارگێڕى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى کرد کە لە ماوەیەکى کورتدا توانیان ئامادەکارى بکەن بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەى هەڵبژاردن و ڕۆژى 30ى ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، هیواى سەرکەوتنى بۆ کاندیدان هەڵبژاردن خواست و ڕایگەیاند: "ئومێد دەکەین ئێوەش هاوکاری ستافى نوێى ئەنجومەنى کارگێڕى ژوورى بازرگانى و سەرۆکى ژوور بن و ستافى نوێش بەهەمانشێوەى ڕابردوو بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونى کارى ئێوە سەرکەوتووبن لە کارەکاینان".