لەهەولێر.. ساڵڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستى تایبەتەکان بەڕێوەچوو
لەهەولێر..
ساڵڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستى تایبەتەکان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ شەممە 2022.12.3، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و زەکیە سەید سالح، بریکارى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و سەرۆکى کۆمەڵەى کەم ئەندامان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان و خانەوادە و کەس و کارى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بە هەماهەنگى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و بازاڕ میدیا ڕێورەسمێکى تایبەتى ئەنجامدا.
لە ڕێورەسمەکەدا دوای کردنەوەی پێشانگایەکی کاری دەستی خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، پارێزگاى هەولێر لە وتارێکدا وێڕاى پیرۆزبایى بەبۆنەى ساڵڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، كە ساڵانه له (3)ی كانونی یهكهم لهسهر ئاستی جیهان ئەم یادە دهكرێتهوه، دەستخۆشى لەسەرپەرشتیارانى و ڕێکخرانى ڕێورەسمەکە کرد و ڕایگەیاند: "حکومەتى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى کابینەى نۆیەم هەمیشە لە تێگەیشتن و روئیاى جەنابى سەرۆکى حکومەت ڕێزدار مەسرور بارزانى، لە خزمەتگەیاندن بە چین و توێژەکانى ناو کۆمەڵگا و لە ئاوڕدانەوە لەو چین و توێژانەى کە پێویستیان بە زیاترخزمەتکردن هەیە بەتایبەتى لە خاوەن پێداویستى تایبەتەکان بە بەردەوامى هەموو تیمەکانى حکومەت و وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ڕاسپاردووە ئاوڕى زیاتر و جدیتر لە خواستەکانى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان بدرێتەوە".
گوتیشى: "جگە لەکارەکانى حکومەت، ستایشى ڕۆلى دایک و باوکان و خانەوەدەى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان دەکەین کە هەریەکێک لەوان بەشێکى گرنگ بوونە لە چارەسەرکردنى ئەو ئازارەى کە ئەم خۆشەویستانەمان هەیانە، هەروەها ڕۆڵى دەزگا خێرخوازیى و خودا پێداوان و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتیش بەرز دەنرخێنین کە هاوشان لەگەڵ ئێمە لەناوەند و سەنتەر و شوێنە فەرمیەکان بەشێک بوونە لە پشتیوانیکردن و هاوکارى کردنى خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، لەسەروى هەمویانەوە دەزگاى خێرخوازى بارزانى کە لەگەڵ هەموو ناوەندەکانى حکومەت پێشەنگ بووە لەئەنجامدانى کارى مرۆیی لە هەولێرى پایتەخت و هەرێمى کوردستان".