بەردى بناغەى قوتابخانەیەکى 6 پۆلى لە گوندى پێمەڕەبڕ لە سنوورى ناحییەى گوێڕ دانرا
بە گوژمەى (189 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى قوتابخانەیەکى 6 پۆلى لە گوندى پێمەڕەبڕ لە سنوورى ناحییەى گوێڕ دانرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.12.19، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونى ڕزگار محەمەد، قائیمقامى مەخموور و مەسعود نورى، بەڕێوەبەرى ناحییەى گوێڕ و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى ناوچەکە، بە گوژمەى (189 ملیۆن دینار) لەسەر بوودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى قوتابخانەیەکى 6 پۆلى لە گوندى پێمەڕەبڕ لە سنوورى ناحییەى گوێڕ دانرا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لەوەکردەوە کە دەڤەرەى گوێڕ بەشێکی گرنگی پارێزگاى هەولێر و هەرچی لە توانادابێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی و پشتیوانیکردنى لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان درێغی ناکەین، ڕاشیگەیاند: "پشتیوان بەخودا لە ئایندەدا هەوڵ دەدەین لە هەموو سێکتەرەکان هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ تاوەکو خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی ئەو دەڤەر و سنورە بکەین، کە شایەنى هەموو خزمەتکردنێکن".