پارێزگای هەولێر، یادى هونه‌رمه‌ندی ناوداری کورد و ئه‌كته‌ری دیاری بواری فیلم و شانۆى کوردى (عومه‌ر چاوشین)ى کردەوە

پارێزگای هەولێر، یادى هونه‌رمه‌ندی ناوداری کورد و ئه‌كته‌ری دیاری بواری فیلم و شانۆى کوردى (عومه‌ر چاوشین)ى کردەوە


ئەمڕۆ سیشەممە 2023.2.28، لە ژێر چاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان سەلاحەدین، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و بەرێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و هونەرمەندى گەورەى کورد ئەحمەد سالار و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و کەس و کار و خانەوادەکەى، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگى ماڵی بە ساڵاچووانی هەولێر، لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر، یادى هونه‌رمه‌ندی ناوداری کورد و ئه‌كته‌ری دیاری بواری فیلم و شانۆى کوردى (عومه‌ر چاوشین)ى کردەوە.

پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، وێڕاى دووبارە پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی لە بنەماڵە و کەس و کارى و هونەرمەند، ئاماژەى بەڕۆڵى مێژوویى عومەر چاوشین لە خزمەتکردنى هونەرى کوردى و کارە هونەرییەکانیدا و ڕایگەیاند: "هەموو لایەکمان شانازى بە کارە هونەرییەکانى ئەو هونەرمەندە و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانى دەکەین لە نێو بزافى هونەرى کوریدا، عومەر چاوشین مێژوویەکى جوانی لە نێو بزاوتى هونەرى کوردى تۆمارکرد و یه‌كه‌مین هونه‌رمه‌ندی كورد بووه‌ كه‌ ڕۆڵی ئافره‌تی بینیوه‌، ئەو بەشەى کە لە ژیانی تەرخانیکردبوو بۆ خزمەتکردنى هونەرى کوردى جێگاى ڕێزە".

جێگەى باسە، لە 2022.3.9، لە لایەن بەڕێز ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە ڕێورەسمێکى شایستەدا بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران خەلاتى ڕێزلێنانى لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوون و ئەو خزمەتى پیشکەش بە هونەرى کوردى کردووە پێشکەش بە هونەرمەند عومەر چاوشین کرا، کە سایەتیی ناسراو و هونەرمەندی کورد (عومەر چاوشین) کە لە بواری هونەری شانۆ و درامای كوردیدا خزمەتێكی زۆرى كردووە، لە ئێوارەى ڕۆژى 15-01-2023، لە تەمەنى 81 ساڵیدا لە شارى سلێمانی کۆچی دواییکرد.