پەیامی پارێزگارى هه‌ولێر، بەبۆنەی (40)مين ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

پەیامی پارێزگارى هه‌ولێر، بەبۆنەی (40)مين ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

پەیامی پارێزگارى هه‌ولێر، بەبۆنەی (40)مين ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلەكەماندا، (40) ساڵ لەمەوبەر لە 31ی7ی 1983، ڕژێمی فاشی و دیکتاتۆری بەعس بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە هەشت هەزار پیاوی بارزانیی لە پیر و گەنج، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵانه‌وه‌ هەتا بەساڵاچووی نەوەت ساڵەى راپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمه‌ڵكوژى كردن، ئەنفالی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێكى رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان و ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانییەی بەسەر گەلی كوردستانیدا هێنا، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەی تری کوردستانی بەدوا داهات.

دەڤەری بارزان كه‌ بەدرێژایی مێژووی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان، بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی هاتووه‌، كه‌ دواترینیان جینۆسایدکردنی هەشت هەزار بارزانی بوو، کە ئەوەش تاوانێکی دیکەی گەورە و خاڵێکی ڕەش بوو لەمێژووی دەسەڵاتداریەتی ڕژێمی بەعس كه‌ ئەوەی لەدەسەڵاتی هات ئه‌نجاميدا بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد، بەڵام سەرباری هەموو ئەو تاوان و زوڵم و ستەم و زۆردارییە، نەیتوانی تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرگری ده‌ڤه‌رى بارزان و گەلەکەمان کپ بکاتەوە و گەلی کوردستان و ده‌ڤه‌رى بارزان بەسەربەرزی مایەوە.

له‌كاتێدا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ شكۆوه‌ يادى (40) ساڵه‌ى جینۆسایدکردنی هەشت هەزار بارزانی به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌، سڵاو و رێز بۆ خێزان و كه‌سوكاريان ده‌نێرين و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ينه‌وه‌ ئه‌وان کەس و کاری ئێمه‌ن و شایستەی هەموو جۆره‌ خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان، سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیان
بژی كورد، بژى كوردستان
نەمری بۆ شەهیدان

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2023.7.31