پارێزگاری ههولێر خەڵاتى یاریزانان و ڕاهێنهری یانەى ههولێری كرد
پارێزگاری ههولێر خەڵاتى یاریزانان و ڕاهێنهری یانەى ههولێری كرد
پارێزگارى هەولێر بۆ یانەى هەولێر:
"دڵنیاتان دەکەینەوە ئەوەى لە توانامان بێت پشتیوان و هاوکارتانین و لەگەڵتانین"
بەبۆنەى سەرکەوتنى یانهی ههولێر له یاریگهی شهعب له بهغدا به گۆڵێكی بێ بەرامبەر له حدوود و گهیشتنه یاریی كۆتایی جامی عێراق، ئێوارەى سێشەممە 2023.8.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بەئامادەبوونى قائیمقامى ناوەند و بەڕیوەبەرى گشتیى وەرزش و لاوان لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وەرزش و لاوان، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە سەرۆک و دەستەى کارگێڕى و ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار و یاریزانانى یانەکە و دەستەى سەرپەرشتیارانى هاندەرانى یانەى هەولێر کرد و لەڕێورەسمێکدا خەڵاتى ڕێزلێنانى پێشکەش بە یاریزانان و ڕاهێنهرانی یانەى ههولێر كرد.
پارێزگارى هەولێر لهڕێورەسمەکەدا و لە كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له بهردهم یاریزانان و ستافی هونهری و كارگێری یانهی ههولێر، بە ناوى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی هەولێر بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، پیرۆزبایی لە یانەکە و سەرجەم یاریزانان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەی بۆ یانەی هەولێر خواست و پشتیوانیی پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە.
پارێزگارى هەولێر هەروەها دەستخۆشى لەسەرۆک و دەستەى کارگێڕى و ڕاهێنەران و سەرپەرشتیاران و یاریزانان کرد کە توانیوایانە لە سەر ئاستى عێراق ئاستێکى بەرز نیشان بدەن و ڕایگەیاند: " لەیارى پێش کۆتایی ئێوە تەنها نوێنەرایەتى هەولێرتان نەدەکرد بگرە نوێنەرى هەموو هەرێمى کوردستان بوون و هەموو خەڵکى کوردستان و وەرزش دۆستان بەدڵ لەگەڵ ئێوە بوو، دەستان خۆش کە ئەو ئاستە بەرزەتان نیشاندا، دەخوازین هەروەک چۆن یانەى هەولێر خاوەنى مێژوویەکى پڕشنگدار و ناوێکى بەرزە، بە هەوڵى ئێوە و پاڵپشتى حکومەت و پارێزگا هەمیشە بەو شێوەیە بمێنێتەوە". گوتيشى: "لەگەڵ ئەوەى تەواوى پاڵپشتیى و هاوکارى یانە و یاریزانانن دووپات دەکەینەو، دڵنیاتان دەکەینەوە ئەوەى لە توانامان دابێت پشتیوان و هاوکارتانین و لەگەڵتانین، ئومێد دەکەین هەمیشە ئەنجامى باش بەدەستدەهێنن و سەرکەوتووبن".
ڕاشیگەیاند: "لێرەوەڕێورەسمەکەمان تەواو نابێت، دواى ئەو ڕێورەسمە سەردانى دیار رهحمان یاریزان و ئهستێرهی پێشووی یانهی ههولێریش دەکەین، ئەویش كه ئێستا بههۆی نهخۆشییهوه له یاریكردن دابڕاوه، بەڵام شەوى ڕابردوو بە دڵ لەگەڵ ئێوە بووە، بۆیە بە پێویستى دەزانین لەگەڵ ئێوە ئەویش خەڵات بکەین".
لە کۆتایشدا، پارێزگاری ههولێر خهڵاتی ڕێزلێنانى بەسەر دەستەى راهێنهران و سەرپەرشتیار و یاریزانانی یانهی ههولێر دابەشکرد.