بەئامادەبوونى سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونى سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.8.3، بە ئامادەبوونی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی" بەرەو داهاتوویەكی بەردەوامی سەقامگیر بۆ ئێزدییان" لە هەولێر یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوتارێکدا، باسی لە دۆخی کوردانی ئێزدی کرد و، گوتی "دۆخی ئێزدییان لە دەڤەری شنگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش ئەو خێزانانەی گەڕابوونەوە شنگال، جارێکی دیکە بە ناچاری بەجێیانهێشت، ئەمەش لەبەر کەمیی خزمەتگوزاری، نەبوونی ئاسایش و ئارامی و نەبوونی دەرفەتەکانی کار" و جەختیشی کردەوە لەوەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شنگال "دەبێت هێزەکانی سەر بە پەکەکە و ئەو هێزانەی خەڵکی شنگال نین، شنگال بەجێبهێڵن."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بایەخێکی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بدات، کە زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە لە هێرشی داعش زیاندمەندە، چونکە لە شنگال جگە لە جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگەش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شنگال کرا." و باسی لەوەش کرد، گۆڕینی دۆخی شنگال "بەرپرسیاریێتیی هەموومانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان."