بەرھەمی پەتاتەی خۆماڵی هەناردەی وڵاتی ئیمارات دەکرێت
بەرھەمی پەتاتەی خۆماڵی هەناردەی وڵاتی ئیمارات دەکرێت
ئەمرۆ دووشەممە 2023.8.7 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم و کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەحمەد ئەلزاهری، سەرکونسڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی ناردە و ناردنکارانی کوردستان و ژمارەیەکی تر لە وەبەرهێنەر و جوتیاران، ڕێورەسمی واژووکردنی هەناردەکردنی بەروبومی پەتاتەی خۆمالی بۆ وڵاتی ئیمارات لە نێوان هەردوو کۆمپانیای (KH) و (AWRA)ی خۆماڵی و (ئەبو سیدۆی) ئیماراتی بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، ڕایگەیاند: "بە پشتیوانی و پاڵپشتی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جوتیاران، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە لەهەرێمی کوردستان (650 هەزار) تەنە، کە بۆ پێویستی ناوخۆیی تەنها پێویستمان بە (100 هەزار) تەنە و (550 هەزار) تەنەکەی تری دەتوانرێ ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت و لەم ڕووەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات".
پارێزگاری هەولێر، هیواشی خواست واژووکردنی ئەو گرێبەستە لەنێوان ئەم کۆمپانیانە تەنها بۆ هەناردەکردنی پەتاتە نەبێت بەڵکو هەموو بەرهەمێکی تری خۆماڵی بگرێتەوە.
پەتاتە بە هۆی بەها خۆراكییەکەی بە یەكێک لە ناسراوترین بەرهەمی كشتواڵی دادەنرێت، كە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرهەمهێنانی دەدەن، لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی بۆ چەند هێندەی ئاستی خۆی زیادیکردووە و بەهۆی چاکی بەرهەمەکەش خواستی زۆر لەسەری زیاد بووە و ئێستا هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت و لەلایەن بڕاندە جیهانییەکانەوە رەواجی لە بازارەکان پەیدا کردووە.
جێگەی باسە، لە ساڵی 2009 حکومەتی هەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی خستۆتە لیستی بەرهەمە ستراتیژییەکانی پلانەکانی.