خاوەنى زەوییە سندووقیەکان، بە خەمڵاندنی 10%ى نرخی زەویەکان، تاپۆکردنى ئەرزەکانیان و رێگەپێدانی دروستکردنى خانووكردنیان پێ دەدرێت
خاوەنى زەوییە سندووقیەکان، بە خەمڵاندنی 10%ى نرخی زەویەکان، تاپۆکردنى ئەرزەکانیان و رێگەپێدانی دروستکردنى خانووكردنیان پێ دەدرێت
دوا بە دواى ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆكی حکومهتی هەرێمی کوردستان لە پێناو كارئاسانی و هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتى زەویی سندووقی و فراوانكردنی حەرەمی گوند و نۆژەنكرنەوەی ئەو خانووانەی كە بەزێدەڕۆیى دروستکراون، ئەمڕۆ سێشەممە 2023.8.29، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرانى گشتیى کشتوکاڵ و شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى نەخشەى بنەڕەتى و ئاوەدانى و خانووبەرەى میرى، سەبارەت بە داڕشتنى میکانیزمى جێبەجێکردنى ڕێنماییەکانى تایبەت بە چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان و خانووكردن لە حەرەمی گوندەكان و رێگەپێدان بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووە زێدەڕۆکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆککردن سەبارەت بە چۆنیەتى داڕشتنى میکانزمى ڕێگەپێدانى زەوییە سندووقیەکان، ئەو زەوییانەن کە چەپ و ڕاستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوانە بکرێنە خانوو، تیشک خرایە سەر ڕەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و چۆنیەتى جێبەجێکردنى ڕێنمایی و ڕێکارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاریدا، ئەو هاوڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین و بۆ ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو لە ماوەى ڕابردوودا داواکارییان پێشکەش بە قائیمقامیەت یان ناحییەکانى سنوورەکەیان کردووە یاخود تاوەکو ئێستا داواکاریان پێشکەش نەکردووە لە ڕێگەى پڕکردنەوەى کلێشە (فۆڕم)ێکى تایبەت بەو پرسە لەزووترین کات دەتوانن ڕێگە پێدانى دروستکردنى خانوو و تاپۆکردنى ئەرزەکانیان وەربگرن بە خەمڵاندنی نرخی زەوەییەکانیان کە لە 30% کەمكراوەتە بۆ 10% و دەست بە دروستکردنى خانوو لەسەر زەوییەکانیان بکەن، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد هەرچى ئاسانکارییە پێشکەشى هاوڵاتییانى بکەن.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە فراوانكردنی حەرەمی گوند و نۆژەنكرنەوەی ئەو خانووانەی كە بە زێدەڕۆیى دروستكراون، پارێزگارى هەولێر قائیمقام و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکایەتى شارەوانى ڕاسپارد لەزووترین کاتدا لەڕێگەى لیژنەی یەكە ئیداریی و شارەوانیەکان ئامادەكاریی بكەن و راسپاردەی پێویست بدەن بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوندەكان و ئەو خانووانەشى کە پێشتر بە شێوەى زێدەڕۆیى دروستكراون و تاکو ئێستا رێگەیان نەدەدراوە نۆژەن بكرێنەوە، رێگەپێدانی نۆژەنكرنەوەیان پێبدرێت.
جێگەى باسە، ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاوو لە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایى گشتیى شارەوانییەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی دەکەن ئەو زەوییانەن کە چەپ و ڕاستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تاکوئێستا رێگە نەدراوە ئەوانە بکرێنە خانوو، سەبارەت بەو پرسە ڕێزدار مهسرور بارزانی، سەرۆكى حکومەتى هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون،و چارەسەرى گرفتی ئەو زەویانە ڕەزامەندیدا بە گرتنەبەری رێكارەكارى پێویست.