هەولێر.. سەبارەت بە ئاوی ناحییەى کەورگۆسک کۆنفرانسێکى زانستى بەڕێوەچوو
هەولێر..
سەبارەت بە ئاوی ناحییەى کەورگۆسک کۆنفرانسێکى زانستى بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.10.17، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەرۆکانى هەرێمى کوردستان و قائیمقامى ناوەند و قائیمقامی خەبات و ژمارەیەکى تر لە کونسڵ و نێردەی وڵاتان و بەرپرس و نوێنەرانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى UN و مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆران، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، کۆنفرانسێکى زانستى سەبارەت بە ئاوی ناحییەى کەورگۆسک سازکرد.
لە دەسپێکى کۆنفرانسەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەوتارێکدا تیشکى خستەسەر ژمارەی دانیشتوانی کەورگۆسک کە نزیکەی 21,000 هەزار کەسە و لەو ژمارەیەشدا لە 30% پەنابەرن و لە ناو کەمپی کەورگۆسک نیشتەجێن و لە 10%ش ئاوارەن و نیشتەجێی ناو ناحیەکەن و تەنها سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەشیان بریتیە لە ئاوی ژێر زەوی کە لەڕێی بیرەوە بۆ ماڵان دابین کراوە، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: "بەداخەوە ماوەیەکە هەست بە زیادبوونی ڕێژەی نیترات کراوە لە ئاوی ژێرزەوى ناوچەکە کە ڕێژەکەی زیاترە لە ستانداردی جیهانی، بەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵکى ناوچەکە دروستکردووە".
گوتیشى: "ئەگەرچى هەوڵدراوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە، بەڵام هەوڵەکان وەک پێویست نەیانتوانیوە مەترسیەکان کەمبکاتەوە، بۆیە بەپێویستى دەزانین لە نزیکترین ماوەدا چارەسەرى ئاوەى ئەو ناوچەیە بکرێت، ئەویش بەجێبەجێکردنی پرۆژەی دانانی وێستگەیەکى پاراوکردنى ئاو کە سەرچاوەکەی لەسەر زێی گەورەیە، ئەو پڕۆژەیەش لە ئێستادا ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن و بە جێبەجێکردنى چارەسەری ئاوى ناحییەکە دەکرێت و دانیشتوانی کەورگۆسک و ناو کەمپى ئاوارەکان سودی لێ دەببینن و مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵکى ناوچەکە ناهێڵێت".
پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەش داواى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى UN و کونسڵخانەکان کرد کە هاوبەش و هاوکار و هەماهەنگى پارێزگاى هەولێر و بەڕیوەبەرایەتى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکان بن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کە کاریگەری درێژخایەنی دەبێت و چیتر خەڵکى سنوورى ناحییەکەش پشت بە ئاوی ژێر زەوی نابەستن.
لە کۆتایشدا لەلایەن ئامادەکارانى کۆنفرانسەکەوە ئامانجى پڕۆژەکە و چۆنیەتى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى بۆ ئامادەبووان شیکرایەوە و بەشێوەیەکى زانستى تیشکخرایەسەر کاریگەرییەکانى پڕۆژەکە لە سەر کە مکردنەوەى مەترسییە تەندروستیەکان لەسەر ژیانى هاوڵاتییانى دانیشتووى ناوچەکە.