هه‌ولێر ... له‌نێو كتێبخانه‌ی زه‌یتوون هۆلێك به ناوی كوردستان موكریانی كرایه‌وه
هه‌ولێر ...
له‌نێو كتێبخانه‌ی زه‌یتوون هۆلێك به ناوی كوردستان موكریانی كرایه‌وه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 8/11/ 2023، به ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی له به‌رپرسان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، هۆڵی (كوردستان موكریانی) له‌نێو كتێبخانه‌ی زه‌یتوون كرایه‌وه.
به‌و بۆنه‌یه‌وه پارێزگاری هه‌ولێر له گوته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، دكتۆره كوردستان موكریانی وه‌ك نووسه‌رێك و ئه‌كادیمسستێك و داكۆكیكارێك له مافه‌كانی ئافره‌تان و ژنان، جێ په‌نجه‌ی له شاره‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستان دیاره.
پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به مێژووی نه‌ته‌وه‌یی و بواری رۆژنامه‌گه‌ری ماڵباتی موكریانی دا و رایگه‌یاند، ئه‌و ماڵباته یه‌كێكن له شانازییه‌كانی شاری هه‌ولێر، كه كاریگه‌ریان به‌سه‌ر كولتووری ئه‌ده‌بی كوردیدا جێهێشتووه .
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ناوی كوردستان موكریانی ناوێكی مێژوویی و گه‌وره‌یه و هه‌موومان شانازی پێوه ده‌كه‌ین و قه‌ڵه‌مێكی به‌ڕشته و ناونانی ئه‌و هۆڵه‌ش به‌ناوی كوردستان موكریانی جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه.
دواتر دكتۆره كوردستان موكریانی له گوته‌یه‌كدا سوپاسی رێكخه‌رانی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی كرد و سوپاسی تایبه‌تی ئاراسته‌ی پارێزگاری هه‌ولێر كرد و گوتی، ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه كه هۆڵێك له‌نێو كتێبخانه‌دا به‌ناوی منه‌وه ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه كه به درێژایی ته‌مه‌نم له‌نێو كتێبدا ژیاوم، خۆشحاڵم كه له دواساته‌كانی ته‌مه‌ن دووباره خۆم له‌نێو كتێبدا ده‌بینمه‌وه.
پاشان له‌لایه‌ن چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر په‌یكه‌ری دكتۆره كوردستان موكریانی كرابووه دیاری، په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادرا و له هۆڵه‌كه جێگیركرا.