لە هەولێر .. پارکێکى گەورە دروست دەکرێت و لە سەرى ساڵیشەوە ڤیزایی وڵاتى چین بە هاوڵاتییان دەدرێت
لە هەولێر ..
پارکێکى گەورە دروست دەکرێت و لە سەرى ساڵیشەوە ڤیزایی وڵاتى چین بە هاوڵاتییان دەدرێت
ئەمرۆ یەکشەممە 2023.11.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە لیۆ جیۆن، کونسڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئەندازەیى پارک و باخچەکانى هەولێر ئامادەى بوون، کونسڵی گشتیی وڵاتی چین، ستایشی ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەى کرد کە لە هەولێرى پایتەخت هاتۆتە ئاراوە و ئاماژەى بەوەدا لە هەولێر وەک شارێکى مێژووى و دێرین هەست بە ئاسودییەکى زۆر دەکەن، ئومێدیشى خواست ئەو دۆستایەتیە لە مێژینەى نێوان کورد و چین و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتەکەى لە هەموو بوارێکى (بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشت و گوزاریی) پەرەی زیاتریان پێبدریت.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنان، ڕایگەیاند: "وڵاتی چین وەک وڵاتێکی گەورەی بازرگانی جیهانی و بوونی کۆمپانیاکانی لەهەولێری پایتەخت بۆ ئێمە گرنگە و خواستى ئێمەش بەرەوپێشبردنى زیاترى ئەو پەیوەندیانەیە کە لەگەڵ وڵاتى چین هەیە، جەختیش لەوە دەکەینەوە وەک هەمیشە دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و وەبەرهەمهێنەرانی وڵاتی چین کرایەوە کە بیانەوێت لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کار بکەن، ئێمەش هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەش دەکەین".
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، جگە لە باسکردن لە ڕێکارەکانى پێدانى ڤیزاى وڵاتى چین کە لەلایەن کونسڵخانەى ئەو وڵاتەوە، هەموو ئامادەکاریەککراوە لەسەرى ساڵى نوێوە لە هەولێر کاروبارى پێدانى ڤیزاى چین لە کونسڵخانەى هەولێر بە هاوڵاتییان بدرێت، گفتوگۆ لە بارەى پڕۆژەى دروستکردنى پارێکێکى گەورە کرا کە لەمنزیکانە بەدیزاێنێکى سەردەمیانە و لەسەر شێوازى چینى و بە ڕووبەرى (15 هەزار مەتر چوارگۆشە) لەلایەن کونسڵخانەى چین و بەسەرپەرشتى پارێزگاى هەولێر دەست بە دروستکردنى دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە دەستنیشانکردنى چەند شوێنێک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر، سوپاسى ئەو هەنگاوەى کونسڵخانەى چینى کرد و کارەکەى بەرزنرخاند کە لەداهاتوودا دەبێت بە یادگار و دیارییەکى جوانى وڵاتى چین بۆ هەولێرى پایتەخت، ئەو جگە لەوەى دروستکردنى ئەم پارکە دەبێت بە پاڵپشت و هاوکار بۆ ژینگەیەکى تەندروست و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارى هەولێر.
پاشان کونسڵى گشتیى وڵاتى چین، بە فەرمى پارێزگارى هەولێرى بانگهێشتکرد بۆ سەردانیکردنى وڵاتى چین و پارێزگاکانى وڵاتەکەى و خواستى ئەوەى نیشاندا کە هەولێر پایتەخت ببێت بە دەستەخوشکى یەکێک لە پارێزگاکانى وڵاتەکەى، لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر داوەتەکەى کونسڵى چینى قەبوڵکرد و هیواى خواست لەنزیکترین دەرفەتدا بتوانرێت ڕێککەوتنى دەستە خوشکى هەولێرى پایتەخت لەگەڵ یەکێک لە پارێزگاکانى وڵاتى چین واژووبکرێت.
لە کۆتایشدا، هەردوولا وێڕاى پێشکەشکردنى دیاریی بەیەکتر، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک و ئاسانکارییەک لە پێناو سەرخستنى کارو پڕۆژە هاوبەشەکانى نێوانیان نیشاندا.