پارێزگاری هەولێر، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.11.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی مەحەمەد شەیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد.

لەدیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر دوای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکوەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەگشتی کرا.

پاشان پارێزگاری هەولێر، باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکانی و کێشەکانی کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوەی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو پڕۆژانە کرد کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کراوە و تیشکی خستەسەر ڕێگە چارەسەریەکان کە بۆ ئەومەبەستە گیراوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەدا وەک پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك، پڕۆژەی زۆر و تایبەتمان بەو پرسە ئەنجام داوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی وەک پێویست نەتوانراوە بابەتە ستراتیژییەکان دەستی بۆ ببردرێت، تەنها رێکارە کاتییەکان کراوە.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە سەردانی شاندێکی پارێزگای هەولێر کرد بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پێدانی قەرزی سعودیی لەپێناو چارەسەری گرفتی کەم ئاوی و مەترسیەکانی لافا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە لەوبوارەدا لە نێویشیاندا دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی چوارەمی ئیفرازی هەولێر، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی و تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لەشاری هەولێر دەهێنێت. پارێزگاری هەولێر گوتی: بەخۆشحاڵییەوە شانشینی سعودییە ڕەزامەند بوونە بە پێدانی ئەو قەرزە بە هەولێر، هەموو ڕێکارەکان بەکۆتاهاتوون و ئێستا نووسراوی تایبەت لەنووسینگەی بەڕێزتانە و تەنها ڕەزامەندی ئێوە ماوە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە، ئومێد دەکەین بەڕێزیشتان هاوکار و ڕەزامەندبن.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای سڵاو و ڕێزی بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکار و هەمانگ دەبێت و هەرچی ئاسانکارییە پێشکەشی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی ئاماژەیان پێکرا.