بۆ 24 کاتژمێری داهاتوو، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە
بۆ 24 کاتژمێری داهاتوو، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە
ئەمشەو یەکشەممە 2023.11.19، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، و بەئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ سهرجهم بەرپرسانى فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكان سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەواو کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێ و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدنی ڕەوشەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی، بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرا کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە، بۆ زستانى ئەمساڵ و وەرزى بارانبارین و رێگری و كهمكردنهوهی مهترسییهكانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازارووى گۆڕانى کەش و هەوا گیراوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان (بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانیەکان، تیمی ناوەنی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری) خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
پاشان، گفتوگۆ لەبارەى هەموو ئەو هەگاوانەکرا کرا کە لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو گیروگرفت و کێشانەى کە هۆکار و مەترسی بوونە بۆ کۆبوونەوەى ئاو ئەنجامدراون، وەک خاوێنکردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە گەڕەک و شەقامە سەرەکیەکان و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر.
لەکۆتای کۆبوونەوەکەشدا، جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو تیمەکان کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوودانی هەر ئەگەر و دۆخێکی قورس و لەناکاو، داواش لەهاوڵاتییان کرا هەمانگ و هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی ڕێکارو ڕێنماییەییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕوبارو ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە لەکاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی ڕێگاکانی دەرەوە نەکەن.