کۆبوونەوەیەک بۆ بەدواداچوون و دەستنیشانکردنى كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند شوێنێکى شارى هەولێر ئەنجامدرا

کۆبوونەوەیەک بۆ بەدواداچوون و دەستنیشانکردنى كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند شوێنێکى شارى هەولێر ئەنجامدرا

کۆبوونەوەیەک بۆ بەدواداچوون و دەستنیشانکردنى كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند شوێنێکى شارى هەولێر ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.11.20، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند شوێنێکى شارى هەولێر و بەدواداچوون و دەستنیشانکردنى هۆکارى دروستبوونى ئەو حاڵەتە و دووبارە بوونەوەى کە گەلێک جار دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە بەشێک لە هاوڵاتییان و دروستبوونى ئاستەنگى هاتووچۆ لە چەند شەقامێکی گشتی شارى هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و قائیمقامى دەشتى هەولێر و بەڕێوەبەرانى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆ، ڕیگاوبان، وەبەرهێنان و شارەوانییەکان بەوەکالەت و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى ناحییەکانى دارەتوو، بەحرکە، بەڕێوەبەرانى ئاودێرى، شارەوانى2، ناوەندى قەیرانەکان، ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لەبارەى ئەنجامدانى پڕۆژەکان و داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگا چارەسەریانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ڕوودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروست بوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ ئەنجامدراون، دەستخۆشى لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد، ئاماژەى بەوەشدا دوێنێ سەربارى ئەو بارانە بەخوڕەى لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە سەرنتەرى شارى هەولێر داباری و ڕێژەکەى گەیشتە زیاتر لە (73 ملم) باران، بەهۆى ئەو کار و پڕۆژانە و ئامادەباشى تیمەکان توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارین بدرێت و تا ئاستێکی زۆر باش مه‌ترسییه‌كانی ڕوودانی لافاو كه‌م بکرێتەوە.

پاشان پارێزگارى هەولێر تیشکى خستەسەر ئەو چەند حاڵەتەى کە لە سەنتەرى شارى هەولێر و دەرەوەى شار ڕوویدا و بەهۆیەوە لە چەند شوێنێک کێشەى پەنخواردنەوەى ئاو دروست بوو و بەشێک لە هاوڵاتییان زیانیان بەرکەوتوو و ئاستەنگى هاتووچۆی لێکەوتەوە، بەشداربووانى کۆبوونەوەى ڕاسپارد، لە زووترین کاتدا هەریەک لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى خۆى و لە ئاست بەرپرسیاریەتى، بە دواداچوون و دیراسەیەکى وورد بۆ چارەسەرکردنى ئەو هۆکارانە بکات و لە چوارچێوەى ڕاپۆرتێک بۆ پارێزگاى هەولێر بەرزى بکەنەوە بۆ چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەیان.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا تەئکید لەوەکرایەوە بە هیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و خاوەن پڕۆژه‌یەكى نیشتەجێبوون بکرێت، کە ده‌ستدرێژی كردۆتە سه‌ر رێڕه‌وی ئاو، یان به‌شێوه‌یه‌ك لە شێوەکان لە چوارچێوەى پڕۆژەکانیان زێدەڕۆییان کردۆتە سەر رێڕەوى سروشتى ئاوى باران، کە دوێنێ بەهۆى سەرپێچى چەند خاوەن پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون، دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و پڕۆژە و کارانەى حکومەتى هەرێم کە لە ماوەى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى باران بارین لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى ئەنجامیداون بەشێک لە هاوڵاتییان زیانیان پێگەیشت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ هۆشداریدان بە هەموو ئەو کەس و لایەن و خاوەن پڕۆژانەى نیشتەجێبوون کە سەرپێچیان ئەنجامداوە، لە سەر ئەرکى خۆیان سەرپێچیەکان هەڵگرن و چارەسەرى گرفتەکان بکەن، بەپێچەوانەوە لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەر خەمییەک و حاڵەتێکى دیکەى لە مشێوەیەى گەر دووبارە ڕووبداتەوە و ببێتە هۆى زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان، هەریەکه‌ و بەئاستى خۆى بەرپرسیار دەبێت و ڕووبەڕووى لێپرسینەوە و ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە.

لە کۆتای کۆبوونەوەکەشدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى ئەوەى جارێکى تر دەستخۆشی لە تیمەکان کرد، سوپاسی هاوڵاتییان و هاوشاریانى پارێزگاى هەولێرى کرد، کە هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانى حکومەت بوون.