لە هەولێری پایتەخت.. یەکەمین فیستڤاڵی ڕامان سازکرا
لە هەولێری پایتەخت..
یەکەمین فیستڤاڵی ڕامان سازکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.11.29 بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بەپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەیەکانی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2ی پارتی و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئیداری و حزبی و ڕۆژنامەنووس و شاعیر و هونەرمەندان و نووسەران، لە هەولێری پایتەخت و لە هۆڵی پێشەوا یەکەمین فیستڤاڵی ڕامان لە ژێر ناونیشانی "کورد و سیاسەتی کولتووری" ئەنجامدرا.
لە دەستپێکی فیستڤاڵەکەدا کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە پێشکەشکردنی چەند وتارێک و پێشکەشکردنی فلمێکی دیکۆمنتاری لە بارەی 27 ساڵیادی دامەزراندنی گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکی مانگانەیە و لە ساڵی 1996 یەکەمین ژمارەی دەرچووە، چەندین پانێڵ لە بارەی ئەدەب و کولتوور و کورد و گوتاری توندڕۆیی و کۆڕی شیعر و ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقا پێشکەش کران.
لە وتارێکدا پارێزگاری هەولێر، بە بۆنەی 27 ساڵیادی دامەزراندی گۆڤاری ڕامان پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ستافی گۆڤاری ڕامان کرد، کە توانیوانە لە ماوەی ئەو مێژووە پڕشانازییەوە خزمەتێکی زۆری ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بکەن و ڕۆڵێکی مەزنیان هەبێت لە پێشخستنی بزاڤی ئەدەبی و فیکری و ڕوناکبیری کوردی، هەروەها بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی میوانان بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوە هەرێمەوە هاتوون کرد و دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاران و بەشداربووانی فیستڤاڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ خواستن.