ڕاگەیندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە
ڕاگەیندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە بەرامبەر بە جێگەیاندنى ئەرکەکانیان لە سەرى ساڵى نوێوە دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، تیمە تەندروستییەکان) دەکەین لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران کە بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو.
هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر دەکەین کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە ڕۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە کە بەهۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیس ببوون، دەستیان خۆشبێت.
ئەگەرچی ساڵی 2023، بەهۆی قەیرانى دارایی ساڵێکی پڕ زەحمەت و سەخت بوو بۆمان، بەڵام پڕۆژەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوەستا و بەردەوام بووین لە گەیاندنى خزمەتگوزاریى و خزمەتکردنى هاوڵاتییان، دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر هەموو هەوڵێکى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئەمساڵیش وەکو ساڵانى ڕابردوو بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکى یەکسان لە سەنتەرى شار و گوند و ناحییە و قەزاکان، بە تایبەتى لە گەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە خزمەتکاری هاوڵاتییانى خۆمان بین.
لێرەشەوە جارێکى تر به توندى سهركۆنهى هێرش و پەلاماری گرووپه له یاسا دهرچووهكان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شارەکەمان دەکەین و دووبارە داوا له حكومهتی عێراقی دەکەین ڕێكارى جیددى بگرێته بهر بۆ دۆزینەوە و بهسزاگهيانديانى پەلاماردەران و رێككهوتنی ئهمنی جێبەجێبکرێت بۆ چارەسەرکردنى ئهو بۆشاییه ئهمنییهی کە نێوان حكومهتی عێراقی و ههرێمی كوردستاندا ههیه، داواکارین لە هاوپهیمانانمانیش ئاسمانی ههرێمی كوردستان بپارێزن و چیتر ڕێگە بە هێرش و پەلامارى گرووپه له یاسا دهرچووهكان نەدرێت بۆ سەر هەرێمى کوردستان کە ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى عێراق دهكات.
لە کۆتاییدا سوپاس بۆ میوانان و گەشتیارانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر و هاونیشتیمانیان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ بوونى هیچ کێشەیەکى ئەوتۆ کە شایەنى باسکردن بێت، بەوپەڕى ئارامى و لە کەشێکى پڕ لە خۆشى بۆ هەموو لایەک بەڕێکرا.
ئومێد خۆشناو
پارێزگارى هەولێر
2024.1.2