مێژووى هەولێر.. هەر لە سەردەمى چاخى بەردین تاکو ئەمڕۆ، لە کتێبێکدا دەنووسرێتەوە

مێژووى هەولێر..  هەر لە سەردەمى چاخى بەردین تاکو ئەمڕۆ، لە کتێبێکدا دەنووسرێتەوە

مێژووى هەولێر..
هەر لە سەردەمى چاخى بەردین تاکو ئەمڕۆ، لە کتێبێکدا دەنووسرێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.1.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە بارەى پڕۆژەى بە چاپگەیاندنى کتێبێک لە بارەى مێژووى شارى هەولێر کە هەر لە سەردەمى چاخى بەردین تاکو ئەمڕۆ تەواوى پەرەسەندنە مێژووییەکان، رووداوەکان و گۆڕانکاریەکانى تێدا دەنووسرێتەوە، لەگەڵ دەستەیەک لە مامۆستایانى زانکۆ و ئەکادیماکانى شارى هەولێر کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى خستنە ڕووى ئامانج و مەبەستى کتێبەکە، پارێزگارى هەولێر هەوڵ و ماندووبوونى توێژەرانى بەرزنرخاند و ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و پاڵپشتیەکى نیشاندا و هیواى سەرکەوتنى لە پڕۆژەکە بۆ خواستن و ئاماژەى بەوەدا، هەولێر لە سەرچاوە مێژووییەکانى جیهاندا ناوبانگى هەیە و بەپێى هەموو سەرچاوە مێژووییەکان هەولێر کۆنترین شارە لە جیهان کە تاکو ئێستا ژیانى تیادا بەردەوامە، گەلێک زانیارهەن سەبارەت بە مێژووى شارى هەولێر تاکو ئێستا نەزانراوە، چاوەڕوانى ئێمە ئەوەیە ئەو کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکى مێژووى و زانستى گرنگ و پڕ زانیارى لە بارەى مێژووى دێرینى شارەکەمان و خزمەتێکى زۆرى گەلەکەمان و شارى هەولێر بکات.

جێگەى باسە، لە کتێبەکەدا مێژووى شارى هەولێر هەر لە سەردەمى چاخى بەردینەوە تاکو ئەمڕۆ تەواوى سەرچاوەی هەمەجۆرەکان و هەموو پێشهات و پەرەسەندنە مێژووییەکانى شارى هەولێر لە رووداوەکان و گۆڕانکاریەکان و کۆمەڵێک بابەتی ترى پەیوەست بەشارەکە لەخۆ دەگرێت. کتێبەکە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە پاڵپشتى دارایی دەکرێت و بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەمساڵ بگاتە دەست خوێنەران و دواى ماوەیەکیش لە چاپکردنى نیاز وایە لە کۆنفرانسێکى تایبەت هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت، واچاوەڕوان دەکرێت کتێبەکە پێگەیەکى زانستى و کاریگەرى مێژووى خۆى هەبێت لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان بە تایبەتى و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتیى.