لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، دووەمین فێستیڤاڵی "ماڵی کتێب بۆ شیعر و چیرۆک" بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، دووەمین فێستیڤاڵی

لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، دووەمین فێستیڤاڵی "ماڵی کتێب بۆ شیعر و چیرۆک" بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ شەممە 2024.1.13، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى زۆر لە نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و ڕۆشنبیران، دووەمین فێستیڤاڵی "ماڵی کتێب بۆ شیعر و چیرۆک" لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، لە لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد بەڕێوەچوو.

لەدەستپێکی فیستڤاڵەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێک وێڕاى بەخێرهێنانى میوان و بەشداربووانى فێستیڤاڵەکە، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و لیژنەى هەڵسەنگاندنى دەقەکان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ تەواوى بەشداربووانى فێستیڤاڵەکە خواست و گوتی: "هەولێر ماڵی کتێب و ڕۆشنبیرانە، ئەوشارە دراوشاوەیە کە بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە خزمەتکردنی کولتوور و ڕۆشنبیری کوردی هەموو لایەکمان شانازی پێدەکەین".

ڕاشیگەیاند: "ماڵی کتێب هەمیشە بەشێک بووە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەبووە و توانیوانە هاریکاری نووسەرانبن بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانیان و ئێمەش دڵنییان دەکەینەوە کە پشتیوان و پاڵپشتیانین"

پاشان باسى لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە بوارى شیعر و چیرۆک لە کوردستان بەدیهاتوون و هانى چیرۆک نووس و شاعیرانیدا لەسەر بنەماى گرنگیدان بە تەکنیکە نوێیەکان برەوى زیاتر بەبوارەکەى خۆیان بدەن لە پێناو دەوڵەمەنترکردنى کتێبخانەى کوردى، کە دواجار خزمەتگەیاندنە بە کولتوور و بزافى ڕۆشنبیرى، جەختیشى لەسەر ئەوەکردەوە وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگا هەولێر، بە ئەرکى سەرشانى خۆمان دەزانین دووپاتى بکەینەوە کە هاوکار و پاڵپشتانین.

ئینجا لەلایەن پارێزگاری هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنان لەبەرامبەر بەرهەم و شاکارە ئەدەبیەکانیان، پێشکەش بە هەریەک لە نووسەران "مەدحەت بێخەو و سلێمان شاکر" کرا.

جێگەى باسە، ماڵی کتێب ماڵێکی خۆبەخشە و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک لە نووسەران بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا (37) کتێبی چاپ کردووە لەگەڵ چەندین چالاکی کولتووری و فەرهەنگی هەمەڕەنگ، دووەمین فێستیڤاڵی "ماڵی کتێب بۆ شیعر و چیرۆک" لەژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر دواى هەڵسەنگاندنی دەقەکان لە لایەن لیژنەى هەڵسەنگاندن، بە بەشدارى (5) چیرۆک نووس و (15) شاعیر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە شارى هەولێر دەستى بەکارەکانی کردووە و لە کۆتایى فێستیڤاڵەکەدا براوەی خەڵاتی یەکەمی هەردوو بواری "شیعر و چیرۆک" کتێبیان بۆ چاپ دەکرێت.