هاوڵاتییانی هەولێر له بهردهم بارهگای UN، بە توندی ئیدانەی هێرش و پەلامارە مووشەکیەکانى سوپای پاسدارانی ئێرانیان کرد
هاوڵاتییانی هەولێر له بهردهم بارهگای UN، بە توندی ئیدانەی هێرش و پەلامارە مووشەکیەکانى سوپای پاسدارانی ئێرانیان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 2024.1.16، سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانى هەولێر لە بەردەم بارەگاى نهتهوه یهکگرتووهکان لە هەولێر، بەتوندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێرشە مووشەکیانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد کە شەوى ڕابردوو کرایە سەر شارەکەیان و لە پێناو گهیاندنی دهنگی مهزڵومیهت و ڕیسواکردنی ئەو تاوانە و ئەوانەشی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆپیشاندانێکى فراوانى جهماوهریان ئەنجامدا.
پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا لە نێو خۆپیشاندەران و لە بەردەم کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بۆ نوێنەری ڕێکخراوی UN و باڵیۆز و نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان و ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقى فیدڕاڵ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕای گشتیی جیهان، ڕایگەیاند: "وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە زاڵمانە و ستەمکارانە دەکەین بۆ سەر شارەکەمان، رایدەگەیەنین، هەموو ئەو پاساوانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانی هێنراونەتەوە بۆ پەلامارەکەیان بێبنەمان و دوورن لە راستییەوە، هیچ پاساوێکیان بۆ هێرشە ناڕەواکانیان نییە، تەنیا خەڵکی سڤیلی ئێمەیان کردووەتە ئامانج، مووشەک بارانکردنی خەڵکی هەولێر کۆمەڵکوژی، تاوانێکی نا ئەخلاقی و نێودەوڵەتییە".
گوتيشى: "شاری هەولێر هەمیشە شاری پێکەوە ژیان و ئارامی و میوانداریی ئاوارە و خەڵکی لێقەوماو و هەڵگری پەیامی مرۆڤسالاری و ژیان و بووژانەوە بووە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بۆسەر شار و ژیانی خەڵک کە چەندینجاری تریش بێ پاساو ئەنجام دراوە، پێشێلکردنی ڕوونى سەروەری و سەقامگیری و تێکدانی ژیانی خەڵکی ئاسایی و سڤیل و بێتاوانە و دەچێتە خانەی تۆقاندن و کۆمەڵکوژی، لەکاتێکدا پەیامی ئێمە ئاشتی و دراوسێتییە، پەیامی ئەوانیش مووشەک و درۆن و ستەمەکردنە".
ڕاشیگەیاند: "بەناوی تەواوی پێکهاتەکان و چینوتوێژەکان، ڕۆشنبیران و مامۆستایان و کاسبکاران و جەماوەر و خەڵکی شارى هەولێر، داواکارین لە بەرانبەر بەئامانجگرتنی شارەکەمان و شەهیدکردنی هاووڵاتیان و ئەنجامدانى ئەو کردەوە مەترسیدار و ناڕەوایانەدا بێنەدەنگ نەبن و هەموو هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەردەوامیی ئەو جۆرە هێرش و پەلامارانە بگرن. ئەوەى بەرامبەر هەولێر دەکرێت تاوان و زوڵم و تەعدایەکی ئاشکرایە و دژی مرۆڤایەتی و ئایین و ژیانە، دەبێت کۆتایی بەو پەلامار و تاوانانە بهێنرێت کە بێباکانە بەرامبەر بەشارەکەمان ئەنجامدەدرێت و هاووڵاتیانمان بەبێ هیچ تاوانێک شەهید دەکرێن، کوشتنی هاوڵاتییانى سڤیل بەبێ هیچ پاساوێك نامەردیی و تیرۆرە، خودا ڕووی درۆزن و بوختانکەران ڕەش بکات".
جێگەى باسە، کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا بەداخەوە پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.