کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگى بێلانە ئەنجامدرا

کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگى بێلانە ئەنجامدرا

کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگى بێلانە ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.2.6، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگى بێلانە ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامی ناوەند، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى، خزمەتگوزاریى ژینگە پارێزى، قەیرانەکانی پارێزگا، نوێنەرى تەندروستى و لایەنى دیکەى پەیوەندار ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە کاروبارەکانى شێڵتەرى ناوبراوى کۆڵییەوە و بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى ڕێرەوەى چارەسەری پزیشکی ڤێتێرنێری و ڕێکارە زانستیەکانی شێڵتەرەکە کرد، هەروەها دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەند و ستافى شێڵتەرەکە کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.

لە تەوەرێکى تری کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لە بارەى کێشە و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانی شێڵتەرەکە و پڕۆسەى کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کرا، کە بەشێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک سەگی بێلانە دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەرەکە و بەوهۆیەشەوە توانراوە ژمارەیەکى زۆری سەگى بێلانە لە ناوشار دوربخرێنەوە، ئەمەش واى کردووە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەوە زۆر کەمببێتەوە و تەئکید لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کرایەوە.

جێگەى باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتیى و هەولێری پایتەخت بەتایبەتى بوونی سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکانی شار مەترسی زۆریان بۆ سەرگیانی هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگەنەش لە زیادبووندابوون، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ‌ پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا، هەبوونی ئەو هەموو سەگە لەناو شار جگە لەوەی ببوونە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان، لەهەمانکاتدا دیمەنی پایتەختیان شێواندبوو و هاووڵاتیانیش هەراسان ببوون و كار گەیشتبووە ئەوەى هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوەى نەدەکرد منداڵەكانیان بنێرن بۆ دەرەوەی ماڵ، هەربۆیە پارێزگاى هەولێر بەگوژمەى (450 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پارێزگا و لە سەر ڕووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى (15) کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەى بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرد.