پارێزگارى هەولێر، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى جێبەجێکارى دادى هەولێرى کرد
پارێزگارى هەولێر، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى جێبەجێکارى دادى هەولێرى کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.2.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونى کاروبارى فەرمانگەکە و چۆنیەتى ڕاییکردنى مامەڵەى هاوڵاتییان، بە یاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى جێبەجێکارى دادى هەولێرى کردو لەلایەن لەیلا ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دادی هەولێر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە بەڕێوەچوونى کاروبارەکان و کەم و کوڕى و پێویستییەکانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراوى کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە کرد بۆ هەموو ئەو چاکسازییانەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیانداوە، هەروەها دەستخۆشی لە فەرمانبەر و کارمەندان کرد و هەوڵ و ماندبوونیانی لە ڕاپەراندن و ڕاییکردنى مامەڵەى هاوڵاتییان بەرز نرخاند و هەموو پشتیوانی و پاڵپشتیەکی پارێزگای هەولێری بۆ دووپاتکردنەوە.
پاشان هۆبە و بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی بەسەرکردەوە و جەختی لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە لە کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕایکردنى کاروبارى هاوڵاتییان لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان لە پێناو خزمەتکردنى زیاتر و چاکتر بەڕێوەچوونى ئیش و کارەکان.