پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى عەرەبى - تورکى کرد
پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى عەرەبى - تورکى کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.2.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە مەحمود سەلیم ئەلبیرک، سەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى عەرەبى - تورکى و شاندێکى بازرگانى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى عەرەبى - تورکى و شاندى یاوەرى، باسیان لەو پڕۆژانه کرد کە لەبەردەستیاندایە و بەنیازن لەم نزیکانە لە هەولێری پایتەخت ئەنجامیبدەن، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان، ڕایگەیاند: "وەک هەولێرى پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵ دەبین بەهاتنی کۆمپانیاکان و کارکردنیان، دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنهرانی وڵاتان کرایەوە، کە بیانەوێت لە هەولێر وەبەرهێنان بکەن، وەک پارێزگای هەولێریش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەشیان بکەین".
لە کۆتاییدا سەرۆکى کۆمەڵەى دۆستایەتى عەرەبى - تورکى و شاندى یاوەرى، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێیان کرا.