پارێزگاری هەولێر: "چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەكرێتەوە"
پارێزگاری هەولێر: "چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەكرێتەوە"
ئەمڕۆ یەكشەممە، 2024.2.18، لەیادی (23) ساڵەی شەهیدكردنی تێکۆشەرى کورد "فەڕەنسۆ هەریری"، وەك ڕێز و وەفایەک بۆ خەبات و تێكۆشانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ياوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و وەلید عارەب، سەرۆكی یانەی هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەکە، سەردانی نێو یاریگەی نێودەوڵەتى فەڕەنسۆ هەریری كرد و بڕیاریدا چیمەنی یاریگەکە نۆژەن بكرێتەوە.
پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: "لە سبەینەوە دەست بە گۆڕین و نۆژەن كردنەوەی چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری دەكرێت".
گوتیشی: "هەوادار و وەرزشدۆستان و خەمخۆرانی شاری هەولێر بەردەوام داوایان لە ئێمە دەكرد ئاوڕێكی جدی لە یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری بدەینەوە و چاك بكرێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستانەدا یاریگەكە كەڵكی یاریكردنی نەدەما، بۆیە ئێمەش رێزمان لە داواكارییەكانی هەوادارانی وەرزشی هەولێر گرت و لە سبەینەوە تیمێكی ئەندازیاری پارێزگاى هەولێر دەست بە گۆڕین و نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی یاریگەكە دەكات".
پارێزگاى هەولێر، جەختی لەوەش كردەوە بە زووترین كات چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری دەگۆڕین.
جێگەى باسە، یاریگای "شەهید فەڕەنسۆ ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بەدووەم گەورەترین یاریگایی وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی 2001 بەناوى شەهید "فەڕەنسۆ ھەریری" کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لەئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی هەولێر و جێی شانازی هەموو وەرزشوان و وەرزش دۆستانە، پەیكەری تێکۆشەرى کورد شەهید "فەڕانسۆ هەریری"یش وەک سیمبول و یاد و یادەورى و وەفایەک بۆ ئەو تێکۆشەرە کە ڕۆڵى دیار و بەرچاووى هەبووە لە پێشخستن و پەرەپێدانى یاریزانان و یاریگاکە و یانەى هەولێر لە نێو یاریگاکە دانراوە.