لە سەر قەڵای هەولێر... ئاگری جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی کرایەوە
لە سەر قەڵای هەولێر...
ئاگری جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی کرایەوە
ئێوارەی ئەمرۆ، 2024.3.20، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر و وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر و سەرۆک و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسانی لقەکانی 2 و 16ی پارتی و بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکومی و خانەوەدە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، لەسەر قەڵایی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکدا کە لەلایەن پارێزگای هەولێر ڕێکرابوو ئاگری جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2724ـی کوردی کرایەوە.
لەڕێورەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ڕایگەیاند: "ساڵانی رابردوو بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بۆ ماوەی نزیکەی 10 رۆژ بەردەوام دەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە تەنیا بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام دەبێت، ، ئومێد دەکەین نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، ساڵی هاتنەدی خەون و خواستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت".
پارێزگاری هەولێر، لەبارەی فەرامنبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی: "سوپاسی خۆڕاگری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرەڕای نەناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە پێشمەرگە ئاسا لەڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان لە فەرمانگە حکومییەکان بەردەوامن".
گوتیشی: "هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە".
پارێزگاری هەولێر، ڕاشیگەیاند: "ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، پەند لەڕابردوو وەربگرن، لەڕابردوودا هەر رژێمێک دژایەتیی خواستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردبێت، عاقیبەتی لەناوچوون بووە".