پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر كۆبووەوە

پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر كۆبووەوە

پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر كۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.5.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى گشتیى گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و شاندى یاوەرى، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شارى دیار بەکر، سەردانی سەرۆکایەتى شارەوانى دیاربەکرى کرد و لەلایەن خاتوو سەرا بوجاق و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی دیاربەکر و ئەندامانى دیکەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى شارەوانى شارەکە پێشوازى لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی لە بەڕێزان خاتوو سەرا بوجاق و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی دیاربەکر و هاوسەرۆكانی دیكەی شارەوانیەکانى دیکەى شارەكان کرد بە بۆنەى سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەی شارەوانیەكان كە ویست و خواستی ڕاستەقینەی خەڵكی توركیاى نیشان دا و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك و كارەكانیان بۆ خواستن.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، هیواى خواست ئامەد کە بەردەوام لە گەشەسەندندایە، لە دواى دەستبەکاربوونى هاوسەرۆکانى هەڵبژێردراو گەشەى زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، گوتى: "ئامەد هەولێرە و هەولێریش ئامادە، دەخوازین هەمیشە کوردستان لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون دابێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و بازرگانى و دبلۆماسیەکان و گەشت و گوزارییەکان کە دەبنە هۆکارى زیاتر بەرەوپێشبردنى برایەتى و تەبایی نێوانمان پەرەى زیاترى پێبدرێت. پاشان بە فەرمى هەردوو بەڕێزانى بانگێشتکرد بۆ سەردانیکردنى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لەلایەن هاوسەرۆکانەوە بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتکردنەکەى قەبوڵکرا.

پارێزگارى هەولێر، هەروەها دووپاتی كردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پشتیوانى لە هەنگاوەکانى دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتى دەکاتن کە سەرۆك مەسعود بارزانی ئەندازیار و بەڕێوەچوون و سەرکەوتنى ئەو پرسە بووە و ئێستاش خواستى ئێمە دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتیە تاکو چی دیکە چیتر خەڵکى ئێمە لێرە زەحمەت نەبینێ.

لەلایەن خۆیانەوە، هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر خۆشحاڵى خۆیانبەسەردانى پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى نیشاندا و تەئکیدیان لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان کردەووە ئامادەیی هەمو هەماهەنگێەکیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر نیشاندا.

لە کۆتاییشدا لەلایەن پارێزگارى هەولێر، دیارى پارێزگا، پێشکەش بە هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکر کرا، لەلایەن هاوسەرۆکانى شارەوانى دیاربەکریش دیارى سەرۆکایەتى شارەوانى دیار بەکر پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرا.