پارێزگاری هەولێر: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە سێکتەرى کشتوکاڵ، ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە سێکتەرى کشتوکاڵ، ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان"

ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.12.14، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونى بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر، پێشوازی لە شاندێکى ئیماراتى بەنوێنەرایەتى کۆمپانیاى ئەلبەرارى سەربە گروپى کۆمپانیاکانى الموارد الطبیعیه‌ کرد.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، شاندى میوان، تیشکیان خستە سەر ئامانجى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت، کە مه‌به‌ست لێى بە بازاڕکردنى بەرهەمى ناوخۆیی و ڕەخساندنى وەبەرهێنانە لەکەرتى کشتوکاڵ و سامانى ئاژەڵی.

پاشان گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پاراستنى ئاسایشى خۆراک و بە بازاڕکردنی بەرهەمى ناوخۆیی و ئاڵوگۆڕ و هاوردە و هەناردەکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کرا لەچوارچێوەى دامەزراندنى سەنتەرێکى فرۆشیارى، بۆ ئه‌م پرسه‌ش کۆمەڵێک پێشنیاز و رێگاچارە له‌لایه‌ن هه‌ردوولا خرایه‌ ڕوو و، هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر دانانى پلان و ستراتیژیەتێکى هاوبەشى درێژمەودا بۆ زیاترى گەشەپێدانى هەناردەکردنى بەروبوومى كشتوكاڵ و سامانى ئاژەڵى لە هەرێمى کوردستان بۆ ئیمارات و وڵاتانى دیکەى جیهان.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، تیشک خستەسەر سێکتەری کشتوکاڵى و بەروبوومى خۆماڵی و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکان و ڕایگەیاند: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە سێکتەرى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بە باشی و چاکی بمێنێتەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان". هەروەها دووپاتى لە پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەک بۆ شاندى میوان کردەوە لە پێناو گەشەسەندنى بەرهەمی خۆماڵى و بەبازارکردنى بەروبوومى کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەرێمى کوردستان.

له‌كۆتایدا شاندى میوان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان كرد بۆ هه‌موو هاوکارى و پاڵپشتیەک و ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر هەموو هەمەهەنگیەک لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە.