بەشێوەى تیروپشک دەست بە دابەشکردنى دووکانەکانی بازاڕی سپی کرا
ئەمڕۆ شەممە 2023.4.15، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و دادوەر عەدنان محمەد، نوێنەرى داواکارى گشتییى و عزەت جەعفەر سادق، نوێنەرى لقى2ى پارتى و عەقید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و بەڕێوەبەرى شارەوانى شەش و کاسبکارانى بازاڕى سیم، لە هۆڵى میدیا، دەستکرا بە ڕێورەسمى تیروپشکى دابەشکردنى دووکانەکانی بازاڕی سپی لە شاری ھەولێر بە سەر خاوەنەکانیاندا.
جێگەى باسە، لە 2022.4.19، لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە سەر شەقامی سەرەکیی 120 مەتری بە گوژمەی (14 ملیار و 412 ملیۆن و 731 هەزار و 544 دینار) بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنى بازاڕی سپی لە هەولێر دانرا، کە ژمارەى دووکانەکانى (708) دووکانە و بازاڕێکی هاوچهرخە و لە بڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست دهکرێت، کە پێشتر بازاڕى سیم لە جەمەلون و ماددەی دیکە دروستکرابوو و بەهۆى ناڕێکیی دروستکردنى بازاڕەکە چەندین جار گڕی گرت و سوتاوو و زیانی گەورەی بە کاسبکارانى گەیاند، لە ئێستاشدا بازاڕى سپى کە لە جیاتى ئەو بازاڕە دەست بە دروستکردنى کراوە لە 50٪ـی کارەکانی تەواو بووە و وا بڕیارە لەمنزیکانە پڕۆژەکە بەکۆتا بێت و دووکانەکان ڕادەستى خاوەنکانیان بکرێت.