پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری سنە کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری سنە کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری سنە کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.10.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە زارعی کوشا، پارێزگاری سنە و شاندێکى یاوەرى کرد، کە پێکهاتبوون لە جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئابووری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە شاری سنە.

لە دیدارەکەدا، جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە و گفتوگۆ لە بارەى دەرەنجامى ڕێککەوتنى نێوان پارێزگاى هەولێر و ئورمییە کرا، کە توانراوە لە ڕێگەى ئەو ڕیککەوتنامەیەوە زۆربەى کێشە و گرفتەکانى هەردوو مەرزى نێوان ئورمیە و هەولێر چارەسەربکرێت و بەهۆیەوە جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین بەرەپێشچوونى زۆر بە خۆیەوە ببینێ، لەوبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر واژووکردنى یاداشت و ڕێککەوتنێکى لەو چەشنەش لە نێوان هەولێر و سنە.

پاشان پارێزگارى سنە بە فەرمى بانگهێشتى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ سەردانیکردنى شارى سنە و لەلایەن خۆشیەوە پارێزگارى هەولێر بە سوپاسەوە بانگهێشتنامەکەى قەبوڵکرد و هەردوولاش نزیکبوونەوە و پەیوەندى نێوان زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆى کوردستانى شارى سنەیان بە پێویست زانى و جەختیان لە سوود وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕى زانستى و تەندروستى بەگشتیى کردووە.

لە کۆتایدا پارێزگاری سنە، سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێیکرا و جەختى لەبەرە و پێشبردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای سنە کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و جممجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەردوو پارێزگا نیشاندا.