سەبارەت بە بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە بارەى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاوڵاتییانى هەرێم لە کەرتى تایبەت کۆبوونەوەیەکى هاوبەش ئەنجامدرا
سەبارەت بە بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە بارەى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاوڵاتییانى هەرێم لە کەرتى تایبەت کۆبوونەوەیەکى هاوبەش ئەنجامدرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.10.10، سەبارەت بە بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە کەرتى تایبەت، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى هاوبەش ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە جێگرانى پارێزگار و سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێم و سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەرانى گشتیى فەرمانگە و دامەزراوە حکومیەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون، تیشک خرایە سەر میکانیزمى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ڕخساندنى دەرفەتى کار بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە ڕێژەى 75% لە کەرتى تایبەت و جەخت لە جێبەجێکردنى هەردوو بڕیارى ژمارە (8686) و (172)ى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و ڕێنماییە تایبەتیەکانى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران و چارەسەرکردنى کێشەکانیان و چاودێریکردنى خاوەن کار و پڕۆژەکان لە بەرامبەر دابینکردنى ئاسایشى کار و نەفەوتانى مافى کرێکاران و دابینکردنى دەرفەتى کارى شایەستە بۆیان کرایەوە. بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم قائیمقامیەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ڕاسپێردران هاوکار و هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى دەستبەرى کۆمەڵایەتى بن لە پێناو مسۆگەرکردنی 75%ى دەرەفەتى کار بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە کەرتى تایبەت لە سەر بنەمای یەکسان و بەبێ جیاوازی و چارەسەرکردنى هەموو ئەو کەم و کوڕى و گرفت و کێشانەى کە هەن لە بەردەم بەدەستهێنانى مافەکانیان.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى تەئکیدکردنەوە لە چۆنیەتى پاراستنى مافەکانى کرێکاران لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و بەرهەمهێنان لە کەرتى تایبەت، گفتوگۆ لەبارەى پاراستنى بەرژەوەندى کرێکاران کرا کە بەپێى یاسا و ڕێنماییەکانى تایبەت بە مۆڵەتپێدان و نوێکردنەوەى مۆڵەتى کار بۆ کۆمپانیاکانى بازرگانى و پیشەییەکان ڕێکخراوە.
لە کۆتایشدا دواى خستنەڕووى چەندین سەرنج و تێبینى لە لایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگارى هەولێر جەختى لەوە کردەوە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر مافى کرێکاران، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو فەرمانگە و دامەزارەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بە جدییەوە لە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانى چینى کرێکاراندابن و لەم پێناوەشدا بەردەوام چاودێرى خاوەن کار و پڕۆژەکانیان بکرێت لە بەرامبەر دەستەبەرکردنى 75%ى دەرفەتى کار بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان و دابینکردنى ئاسایشى کار و نەفەوتانى مافەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش وەک پارێزگاى هەولێر بەهەموو توانایەکەوە هەماهەنگ و پاڵپشتانین.