هەولێر.. سیستەمی تاک پەنجەرە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی/ هەولێر، پەیڕەو دەکرێت
هەولێر..
سیستەمی تاک پەنجەرە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی/ هەولێر، پەیڕەو دەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.11.7، لە چوارچێوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لە پێناو باشتر ڕاییکردنی کارەکانی هاوڵاتییان، بەتایبەتى کەم ئەندامان و کەسانى خاوەن پێداویستی تایبەت، بە ئامادەبوونى کوێستان محمەد، وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و د.جوتیار عادل، سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و بریکارى وەزارەت و بەڕیوەبەرە گشتییەکانى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى و ژمارەیەکى زۆر لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەولێر سیستەمی تاک پەنجەرە کرایەوە.
ئامانج لە دانانى سیستەمى تاک پەنجەرە لەلایەن کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشترە بۆ ھاوڵاتیان و ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییانە لە فەرمانگەکان بەئاسانترین شێوە و بەنەهێشتنی رۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی.
کردنەوە و پەیڕەوكردنى ئەو سیستەمەش لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەولێر، کەمکردنەوەى ڕۆتین و کارئاسانیە بۆ ڕاییکردنى کاروبار و مامەڵەی کەم ئەندامان و کەسانى خاوەن پێداویستی تایبەت، لەمەودوا پێویست ناکات بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان ژوور بە ژوور بکەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە یەک ژوورەوە کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، بەکردنەوە و دانانى ئەم سیستەمەش خزمەتێکی گەورە و کار ئاسانی زۆرباش پێشکەش بە کەسانی خاوەن پێداویستی و کەم ئەندامان دەکرێت لە سنووری پارێزگاى هەولێر.