شاوێس.. بە گوژمەی 520 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر وێڕای دروستکردنی ئاوەڕۆ، چەندین شەقام قیرتاو و کۆنکرێت کران
شاوێس..
بە گوژمەی 520 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر وێڕای دروستکردنی ئاوەڕۆ، چەندین شەقام قیرتاو و کۆنکرێت کران
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-8-2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەری مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگار و قەیمقامی قەزای دەشتی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەڕێوەبەری ناحییەی کەسنەزان و بەرپرسی لێژنە ناوچەی تارینی پارتی و سەرۆکی شارەوانی شاوێس، پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ و کۆنکرێت و قیرتاوکردنی چەند شەقامێک لە گوندی کەلەکینی سەر بە کۆمەڵگەی شاوەیسی سنووری پارێزگای هەولێری بەسەر کردەوە.
گوژمەی پڕۆژەکە 520 ملیۆن دینارە و بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆ لە گوندی کەلەکین و کۆنکرێتکردن و درووستکردنی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنی چەند شەقامێک بەڕووبەری 3300 مەتر دووجا. پڕۆژەکە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر، لە شوێنی پڕۆژەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بە تەواوبوونی ئەم شەقامە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروست دەبێت، وێڕای بنبڕبوونی گرفتەکانی ئاوەڕۆ.
ڕاشیگەیاند، خزمەتکردنی دەورووبەری شاری هەولێر بەشێکە لە ئەولەوییەت و کارەکانی کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەیران مەسروور بارزانی، کە بەردەوام جەخت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ دەورووبەری شاری هەولێر دەکاتەوە.