پارێزگارى هەولێر: "بەبێ جیاوازی پارێزگار و پارێزگای هەموو لایەنەکانین و ئامانجمان خزمەتکردنى هاوڵاتییانی شارەکەمانە"
نیوەڕۆى ئەمرۆ سێشەممە 2022.11.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK و شاندێکى یاوەرى کرد.
لەدیدارێکدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی، جەختی لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەکان پەیوەندیەکى پتەومان هەبێت و نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان بکەین، دڵنیایتان دەكهینهوه ئێمە بەبێ جیاوازی پارێزگار و پارێزگای هەموو لایەنەکانین و ئامانجمان خزمەتکردنى هاوڵاتییانی شارەکەمانە، هەروەها دەمانەوێت یەکڕیزی و تەبای لە هەولێر بکەینە هەوێنێک بۆئەوەی وەکو ئیدارەی ئەو شارە باشتر خزمەتی هاوشاریانی خۆمان بکەین".
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕەوشی سیاسی كوردستان و دواپەرەسەندن و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە کرا و جەخت لە یەكڕیزی و یەك دەنگی کورد کرایەوە و هەردوو لا هاوڕابوون کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هەماهەنگ و هاوکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى خۆجێیى شارەکان بن بۆ زیاتر خزمەتکردنى هاونیشتیمانیان.
لەکۆتاییدا، شاندی میوان زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەم پیشوازییەى کە لێیانکرا و تەئکیدیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ئامادەیی خۆشیان بۆ هەر هەماهەنگیەک و هاوکارییەک و پێویستییەک نیشاندا.