پارێزگارى هەولێر: "(37 ملیار و 500 ملیۆن دینار) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى قەزایی کۆیە تەرخانکراوە و کۆیە بەشى شێرى بەركهوتووه"
پارێزگارى هەولێر: "(37 ملیار و 500 ملیۆن دینار) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى قەزایی کۆیە تەرخانکراوە و کۆیە بەشى شێرى بەركهوتووه"
"کۆیە قەزایەکى زۆر گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێرە، داواکارین لەخوداى گەورە تەمەن ڕێگامان بدات و ئیماکانیاتى پێویستمان لەبەردەست بێت خزمەتێکى زۆرى ئەو شارە خۆشەویستە بکەین، چونکە شایەنى ئەوەیە زۆرترین خزمەتى پێشکەش بکهین"
ڕۆژى چوارشەممە 2022.12.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەچوارچێوەى سەردانی بۆ شارى کۆیە و بەسەرکردنەوەى چەند پڕۆژەیەکى ستراتیژی و گرنگی خزمەتگوزاریى لەسنوورى ئەو قەزایە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاند، تیشکى خستەسەر بودجەى تەرخانکراو بۆ سەرجەم ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دیاریکراوە بۆ شارى کۆیە و ئاماژەى بەوەدا کە کۆى گشتى گوژمەى تەرخانکراو بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى شارى کۆیە کە بەشێکیان لە جێبەجێکردندانە و بەشێکیشیان جێبەجێدەکرێت (37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە).
پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "قەزایی کۆیە بەهەموو ناحییەکانییەوە یەکێک لەقەزا گرنگەکانى سنوورى پارێزگاکەمانە و ئێمە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر هەرچی پێویست بکات و لەتواناماندابیت پێشکەشى شارى كۆیهى دەکەین، ئەو گوژمەیەى کە ئەمساڵ بۆ قەزایی کۆیە تەرخان کراوە و ڕەزامەندى لەسەر وەرگیراوە بەگشتیى (37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە) کە بەشێک لە پڕۆژەکانیش لەئێستادا لە جێبەجێکردن و بەشێکیشی تریشان جێبەجێدەکرێت، لە وانەش (15 ملیار دینار) لە بودجەى پەرپەپێدان و بودجەى ئاسایی پارێزگاى هەولێرە کە (6 ملیار و 300 ملیۆن دینار)ی تەرخانکراوە بۆ شەقامى جووت سایدى فیدراڵ، لەگەڵ ئەوەشدا (7 ملیار و 500 ملیۆن دینار)ى دیکە ڕەزامەندى وەرگیراوە و لەئێستادا خەریکى ئامادەکردنى دیزاینن بۆ پڕۆژەى چوارڕێیانی حاجى قادرى کۆیە کە شەقامێکى ستراتیژییە لە ناو شارى کۆیە و لە وەزارەتى شارەوانى کارەکانى تەواو بووە، ئەوە جگە لەوەى بە نزیکەى ( 15 ملیار دینار)ى دیکە چەندین پڕۆژە لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى پاراستن و چاککردنەوەى ڕێگاو بانى هەولێر و ئاوەدانکردنەوە لەبەشێکى زۆرى گوندەکانى ناحیەکانى سنوورى قەزایی کۆیە جێبەجێکراوە، بەگشتیى ئەو (37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە) ئەگەر بەراوردى بکەین لەگەڵ قەزاکانى دیکەى سنوورى پارێزگاى هەولێر، قەزایی کۆیە بەشى شێرى بەرکەوتووە، ئەوەش خێر و چاکەیەک نییە کرابێت بۆ خەڵکى کۆیە، بەڵکو پێداویستى خەڵکى ئەو سنوورەیە و ئێمەش وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر لەخزمەتى خەڵکى خۆمانداین".
پارێزگارى هەولێر لەبارەى پێگەى کۆیە و مێژووى ئەوشارە گوتى: "تەئکید دەکەینەوە، ئێمە وەکو پارێزگا و هەموو تیمەکانى قائیمقایەت و ناحییەکان و فەرمانگەکانى سنوورى قەزایی کۆیە پێداگرین لەسەر داخوازى و داواکارى هاونیشتیمانیانى ئەو سنوورە، ئەگەر لە هەریەکێکیشمان ببپرسن کۆیە بە پێى مێژوو و جوگرافیا و پێگە و گرنگى و تایبەتمەندى خۆى چی بۆکراوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەست بەوەدەکەین ئەوەى کە بۆی کراوە لە ئاست چاوەڕوانى و خواستى ئێمە نەبووە، بەڵام نیەتمان وایە و دەمانەوێت بە باشترین شێوە خزمەتى ئەم قەزایە و ناحییەکانی و سەرجەم قەزاکانى تری سنوورى پارێزگاکەمان بکەین، کە شاری کۆیە لەنێوانیاندا گرنگى و تایبەتمەندى خۆى هەیە، بۆیە دڵنیایی هەموو لایەک دەکەینەوە ئەوەى لەتواناماندابێت بۆ خەڵک و خاکى کۆیە پێشکەشى دەکەین".
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "وهكو پارێزگاى هەولێر لەژێر ڕێنماییەکانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانى، بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار پڕۆژە خزمهتگوزارییهكان جێبەجێ دەکەین، بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگا و بودجەى ئاسایی پارێزگا، پڕۆژەکان دەگەێنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە".
سەبارەت بە جووت سایدى کۆیە - هەولێریش پارێزگارى هەولێر گوتى: "پڕۆژەى جووت سایدى ڕێگاى (هەولێر - کۆیە) پڕۆژەیەکى ستراتیژیە و بودجەیەکى زۆرى دەوێت، بەڵام لەناو پلان و بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دایە، ئیمەش وەکو پارێزگا بەردەوام لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵێن بۆ جێبەجێکردنى، ئەم پڕۆژەیە خۆى لەچوار قۆناغ دەبینێتەوە، قۆناغى چوارەمى کە نزیکە لەشارى کۆیە بە سوپاسەوە لەلایەن وەزارەتەکانى شارەوانى و ئاوەدانکردنەوە ڕەزامەندى وەرگیراوە و لەئێستادا دیزاینى بۆ دەکرێت و لەمنزیکانە دەست پێدەکات، قۆناغەکانى تریشى لەناو پلانى حکومەت دایە و من دڵنیام لەوەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جەنابی جێگرى سەرۆکى حکومەت و ئەنجومەنى وەزیران و هەموو وەزارەتەکانیش هاوکارمان دەبن بۆ جیبەجێکرنى ئەو پڕۆژەیە، بەدووسایدکردنى ئەو شەقامە جگە لەوەى داواکارى هاوڵاتییانە سودێکى زۆریش بەخەڵکى کۆیە دەگەێنێت و کێشەیەکى گەورەى شارى هەولێریش چارەسەر دەکات".
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەموو کوردستانە و هیچ سنوور و جوگرافیایەک نییە لێکمان بکاتەوە، کۆیە قەزایەکى زۆر گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێرە، داواکارین لەخوداى گەورە تەمەن ڕێگامان بداتن و ئیماکانیاتى پێویستمان لەبەردەست بێت خزمەتێکى زۆرى ئەو شارە خۆشەویستە بکەین، چونکە كۆیه شایەنى ئەوەیە زۆرترین خزمەتى پێشکەش بکرێت".