پارێزگارى هەولێر: "پڕۆژەى شەقامى جووتسایدى فیدراڵ لە کۆیە دەبێت لەماوەى دیاریکراوى خۆیدا تەواوبکرێت"

پارێزگارى هەولێر:

پارێزگارى هەولێر: "پڕۆژەى شەقامى جووتسایدى فیدراڵ لە کۆیە دەبێت لەماوەى دیاریکراوى خۆیدا تەواوبکرێت"

دواى ئەوەى لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، زیاتر لە 6 ملیار دینار تەرخان کرا بۆ تەواوکردن و قیڕتاوکردنى پڕۆژەی جووتسایدى فیدراڵ لە شاری کۆیە. ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.12.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و حاکم تاریق حەیدەرى، قائیمقامى قەزایی کۆیە و بەڕێوەبەرى شارەوانى کۆیە و ژمارەیەکى دیکە لەبەرپرسانى ناوچەکە، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگادارابوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى تەواوکردن و قیڕتاوکردنى شەقامى جووتسایدى فیدراڵی لە ناوەندى قەزایی کۆیە بەسەرکردەوە.

لەبەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر لەنزیکەوە لە چۆنییەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکەى کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە ئەندازیار و کرێکار و سەرپەرشتیاران کرد بۆ بە ئەنجامگەیاندنى کارەکان، هەروەها تەئکیدی لەوەکردەوە کە دەبێت لەماوەى دیاریکراوى خۆیدا پڕۆژەکە تەواوبکرێت.

جێگەى باسە، پڕۆژەى تەواوکردن و قیڕتاوکردنى شەقامى جووتسایدى فیدراڵ لە ناوەندى قەزایی کۆیە، پڕۆژەیەکى تەواونەکراوە و دواى چەندین ساڵ لەوەستانى کارکردن تێیدا، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیی درا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی (6 ملیار و 300 ملیۆن دینار) بۆ تەواوکردن پڕۆژەکە. لە ئێستاشدا جیبەجێکردنى پڕۆژەکە دەستى پێ کردووە.