سەرۆکى حکومەتى هەرێم، پڕۆژەى چاککردن و تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدانى بەسەرکردەوە
سەرۆکى حکومەتى هەرێم، پڕۆژەى چاککردن و تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدانى بەسەرکردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.12.8، ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدانى بەسەرکردەوە کە بەگوژمەی (5 ملیار و 974 ملیۆن و 204 هەزار دینار) لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی دەکرێت.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا سەرۆکى حکومەت، لەنزیکەوە لەچۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆژەکە و کەم و کوڕى کێشە و گرفت و پێداویستیەکانى کۆڵییەوە و تەواوى بەشەکانى بەسەرکردەوە.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى تەواونەکراوە و کەوتۆتە بەرزاییەکانى ناحیەى كەسنەزان، وەک هێمایەک بۆ قوربانیدانى گەلەکەمان و بەرزڕاگرتنی یادى ئەنفال و شەهیدانى کورد و کوردستان دروستکراوە، دواى چەندین ساڵ لەوەستانى کارکردن تێیدا، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیی درا لەسەر تەواوکردنى پڕۆژەکە، لەئێستاشدا لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی پڕۆژەکە دەکرێت.