دەست بە قۆناغى یەکەمى پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئاوى ئیفراز3ى هەولێر کرا
دەست بە قۆناغى یەکەمى پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئاوى ئیفراز3ى هەولێر کرا
رۆژی یەکشەممە 2022.12.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئارى ئەحمەد، بەڕیوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێم و زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، قۆناغى یەکەمى پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێری راگەیاند، کە لەسەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەگوژمەی (20 ملیار و 842 ملێۆن و 500 هەزار و 600 دینار)جێبەجێدەکرێت.
ئەمرۆش وەک قۆناغى یەکەم بە بڕی (4 ملیار و 354 ملیۆن و 750 هەزار دینار) دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکە کرا، کە گۆڕینی بۆرییەكەیە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1,5 مەتری بۆریی كاربۆن ستیل تا دەگاتە گەڕەکى 108 ی عەنكاوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە هەولێر لەڕێگەی بۆریی ئیفراز3 دابیندەکرێت و ئەو بۆرییە کاتی بەسەرچووە، بە هاوکاریی وەزیری شارەوانی داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئەوانیش زیاتر لە 20 ملیار دیناریان بۆ گۆڕینی بۆرییەکە تەرخانکرد."
گوتیشی، "لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا بڕی چوار ملیار و 350 ملیۆن دینار خەرجکراوە کە لە وێستگەی مارعۆدە تاوەکو شەقامی 120 مەتری لەخۆدەگرێت، کە 80%ی شکانی بۆرییەکە لەو بەشە روویدەدا، بە تەواوبوونی قۆناخی یەکەم بەشێکی زۆر لە گرفتەکە چارەسەر دەبێت."
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە هەولێر دەستیپێکردووە و وادەی 120 رۆژی بۆ دانراوە، ئەو پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ئاوازەوە جێبەجێ دەکرێت کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییە و رەنگە بە کەمتر لەو وادەیەی بۆیان دیاریکراوە، لە ماوەی 75 رۆژ کارەکەیان تەواو بکەن.
پارێزگاری هەولێر دڵنیاییشى دایە هاوڵاتییان کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئاو لەو هاووڵاتییانە نابڕێت کە لەسەر ئیفراز سێن. ئەوەشی خستەڕوو، "بۆرییە نوێیەکە لە تەنیشت بۆرییەکەی ئێستا دادەنرێت و رەنگە لەکاتی بەستنیدا پێویست بکات 48 کاتژمێر ئاو بگرینەوە و ئەوکاتیش لە رێگەی میدیاکانەوە هاووڵاتییانی هەولێر ئاگادار دەکەینەوە."
جێگەى باسە، بۆریی ئاوی ئیفراز3 کەوتۆتە باکووری شاری هەولێر و لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو بۆ نزیکەی 40%ی گەڕەکەکانى شاری هەولێر دابیندەکات، وەک گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە، ئەو بۆرییە کە ماوەی 15 ساڵە دروستکراوە تاوەکو ئێستا چەندین جار شکاوە و چاککراوەتەوە، لەگەڵ شکانی بۆڕەیەکەش ژمارەیەکى زۆر لەو گەڕەکانە رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.